بایدن: ترەمپ وەک نابەرپرسیارترین سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا دەمێنێتەوە

  2020-11-20  | 
واشنتن
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریک
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هێرشی توندی کردەسەر دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، ناوبراو وەک یەکێک لە نابەرپرسیارترین سەرۆکان لە مێژووی ئەمریکادا دەمێنێتەوە.

دوابەدوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا، کە هیچ گۆرانکارییەکی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دروست نەکرد و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان وەک براوەی هەڵبژاردنەکە مایەوە، بایدن رایگەیاند، "دڵنیام کە ترەمپ دەیزانی لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو نابێت و نابەرپرسیارێتییەکی بێ وێنەی لەخۆی پیشانداوە".

سەبارەت بە قبوڵ نەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، جۆ بایدن رایگەیاند، "ئەو رەفتارەی ترەمپ پەیامێکی یەکجار خراپ لەبارەی دیموکراسی ئەمریکاوە دەداتە وڵاتانی جیهان و ئەو وەکو یەکێک لە نابەرپرسیارترین سەرۆکان لە مێژووی ئەمریکادا دەمێنێتەوە".
 

وتیشی، قورسە کە بزانی ترەمپ چۆن بیردەکاتەوە و بەڕاستی هەڵسوکەوتەکانی جێی سەرسوڕمانن.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا راشیگەیاند، زۆربەی خەڵکی وڵاتەکەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان قبوڵە و بە یاسایی دەزانن.

دوای دروستبونی گومان لەسەر راستیی و دروستیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی  جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە ویلایەتی جۆرجیا، بڕیاردرا جارێکی دیکە دەنگەکان لەو ویلایەتە هەژماربکرێنەوە و بەراورد بکرێن بە ئەنجامە راگەیەنراوەکان.

رۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی ویلایەتی جۆرجیا رایانگەیاند، ئەنجامەکان دوای دوبارە جیاکردنەوەیان بە تەواوی نزیک بوون لەو دەنگانەی کە شەوی هەڵبژاردنەکان راگەیەنراون و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان وەک براوەی هەڵبژاردنەکە ماوەتەوە.

پاش راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و سەرکەوتنی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا چەندین سکاڵای لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە دادگا جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا تۆمارکردووە، کە جگە لە یەک دانەیان سەرجەمیان شکستیان هێناوە.



ڕیکلام