ڤاکسینەکەی کۆرۆنا چووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە

  2020-11-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ئەو سەرکەوتنانەی کە لەتاقیکردنەوەکانی هەردوو کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بیونتکی ئەڵمانی بەدەستیان هێناوە لە بەرهەمهێنانی ڤاکیسنی دژی کۆرۆنا، هاوپەیمانێتی خۆیان پێشکەش بە ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا کردووە، بۆ ئەوەی مۆلەتی بەرهەمهێنانی فەرمی وەربگرن.

ئەو هەنگاوەش بە کارێکی بنەڕەتی دادەنریت بۆ گواستنەوە و بەکارهێنانی ڤاکیسنەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

دوێنێش ئارسولان ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت یەکێتی ئەوروپاش مۆڵەت بدات بە هاوپەیمانێتی ڤایزەر و بیونتک و دواتریش بەرهەمەکەی مۆدیرنا.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەردوو کۆمپانیاکە پێشتر ئاشکرایانکردبوو، مانگی داهاتوو ڕەزامەندی دەستەی ڕێکخستنی ئەمریکا و ئەوروپا بەدەست دەهێنن بۆ بەکارهینانی بەپەلەی ڤاکسینەکەیان، بە تایبەت دوای ئەوەی تاقیکردنەوەکانیان لەسەر ڤاکسینەکە بە رێژەی لە ٩٥% سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیش جێبهێڵێت.

بە گوێرەی وتەی کۆمپانیاکان کاریگەریی ڤاکسینەکە بۆ هەموو تەمەن و ڕەگەزەکان جێگیرە، ئەوەش بە نیشانەیەکی مژدەبەخشت دادەنرێت، چونکە نەخۆشییەکە دووچاری کەسانی بە تەمەن و هەموو گروپ و تەمەن جیاجیاکان بووە.

هەردوو کۆمپانیای ڤایزەر و بیونتک ئاشکرایانکردووە، کاریگەریی ڤاکسینەکە لەسەر کەسانی سەرو تەمەن ٦٥ ساڵ لە ٩٤% بووە، ئەوەش مژدەیەکی گەورەیە، بە تایبەت لە کاتێکدا تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە جیهاندا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کۆمپانیای ڤایزەر، تەنها لەمساڵدا بڕی ٥٠ ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە بەرهەم دەهێنێت، کە دەبێتە هۆی پاراستنی ٢٥ ملیۆن کەس، لە ساڵی ٢٠٢١یشدا چاوەڕواندەکرێت بڕی یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن و دانەی لێ دروستبکرێت.



ڕیکلام