تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لە شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا لە ئەوروپا

  2020-11-22  | 
دیڤید نابارۆ نێردەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا
فۆتۆ: ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دیڤید نابارۆ نێردەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ هۆشداریدا لە هاتنی شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا لە ئەوروپا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١وە.

نابارۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر هاتنی شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا هەیە لە دەوڵەتانی ئەوروپا، ئەگەر بێتوو حکومەتەکانی ڕێوشوێنی پێویست نەگرنە بەر، بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلی دووەم.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی سویسرا ئەو لێپرسراوە باڵایەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، حکومەتەکانی ئەوروپا کاریان نەکردووە لەسەر دانانی ژێرخانێکی پێویست لە مانگەکانی هاویندا، دوای ئەوەی کۆنترۆڵی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا کرا.

دیڤید نابارۆ کە خۆی پزیشکێکی بەریتانییە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ڕوبەڕوی شەپۆلی دووەم دەبنەوە، بۆیە ئەگەر حکومەتەکان کارنەکەن لەسەر دانان و دامەزراندنی ژێرخانێکی بەهێز و پێویست ، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە سەرەتای ساڵی نوێوە شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا دێت.

سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا وڵاتانی ئەوروپا لەڕووی ژمارەی تووشبوان و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە چوو، بەڵام لە ئێستادا جارێکی تر ژمارەی تووشبوون گیانلەدەستدان بەرەو بەرزبوونەوە چووەتەوە.



ڕیکلام