بایدن وەزیری دەرەوە و چەند پۆستێکی باڵای ئیدارەکەی دیاریکرد

  2020-11-23  | 
واشنتن
بایدن وەزیری دەرەوە و چەند پۆستێکی باڵای ئیدارەکەی دیاریکرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە فەرمی ئەنتۆنی بلینکن-ی وەک وەزیری دەرەوە و ئەلیخاندرۆ مایۆرکاسی وەک وەزیری ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی دیاریکرد.

هاوکات بایدن، ئەڤریل هەینس-ی وەک بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی و لیندا تۆماس گرین فیڵد-ی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکرد.

جۆن کێری وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەشوهەوا دیاریکرا و جەیک سۆلیڤانیش دەبێتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی لە ئیدارەکەی جۆ بایدندا.

ئەنتۆنی بلینکن-ی تەمەن ٥٨ ساڵ لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و لە ساڵەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧، جێگری وەزیری دەرەوە و کەسی دووەمی ئەو وەزارەتە بوو، پێشتر و لە ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا خزمەتی کردووە.

ئەڤریل هەینس پێشتر جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا - سی ئای ئەی بووە. سەرجەم ئەو کەسانەی بایدن دیاریکردوون، لە ئیدارەی ئۆبامادا پۆستیان هەبووە و ئەزموونیان لەبوارەکەی خۆیاندا هەیە.

جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەو کەسانە هەموویان بە یەکسانی خاوەنی ئەزموونن و کەسانی داهێنەرن".


ڕیکلام