بلاسخارت: چاوەڕوانی جێبەجێکردنی کارنامەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراقین

  2020-11-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەو پەڕە ئابوریەى کە حکومەتەکەی کازمی پێشکەشیکردووە، چاوەڕوانی جێبەجێ کردنە.

بلاسخارت لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای عێراق کرد و ڕایگەیاند " لە دوا وتەم سەبارەت بە عێراق  ڕامگەیاند، حکومەتی عێراق هەر لە سەرەتاوە کاردەکات لەسەر ڕوبەڕوبوونەوەی چەندین بەربەست و گێژەڵوکە، بۆیە دەمەوێت جەخت بکەمەوە کە تا ئێستا دۆخەکە وەک خۆیەتی، بە تایبەت قەیرانەکان لە بەرەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و دارایی و کۆمەڵایەتی و تەندروستییەشەوە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە".

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "تا ئێستاش دۆخی ئابوری و دارایی لە عێراق جێگەی دوودڵییە، بەلای کەمەوە چاوەرواندەکرێت کەرتی ئابوری بە ڕێژەی لە ١٠% دووچاری پاشەکشە ببێتەوە لەمساڵدا، کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە هۆی ئاژاوە و نائارامی لە کەرتی تایبەتدا، کەخۆی هەر لە بنەڕەتەوە لاوازە، نزمبوونەوەی نرخی نەوتیش فشارێکی توندنی دروستکردووە لەسەر داهاتی ناوخۆیی و کۆی داهاتەکانی عێراق".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بلاسخارت ئاماژەی بەوەکرد، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، پەڕەی سپی ئابوری دەرچووە، کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی دەکرا، کارنامەکە تێڕوانینێکی گشتی دروستکردووە سەبارەت بە کێشە و پەیکەری ئابوری عێراق، بەڵام بە بێ کۆدەنگییەکی سیاسی فراوان بۆ ئەوەی ئەو بەڵگەنامەیە بکرێتە واقیع، ئەوا تەنها وەک قسەی سەر کاغەز دەمێنێتەوە و هیچی تر.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نزمبوونەوەی توندووتیژی لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ئاماژەیەکی باش و دڵخۆشکەرە.

بلاسخارت ڕوونیکردەوە، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، جەختیکردووەتەوە لە بایەخی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا بەشێوەیەکی ئازاد و بێ هیچ فشارێک لەسەر دەنگدەران.

دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێریش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، هەموو لایەک هاوڕاین لەسەر بوونی پەیوەندییەکی ئەرێنی و بنیاتنەرانە لە نێوان فیدراڵیەتدا لە عێراق، چونکە ئەوە کلیلی بەرقەرابوونی تەواوی وڵاتەکەیە.

لە کۆتایی وتەکانیدا بلاسخارت ڕوونیکردەوە، مەرکەزیەتی عێراق لە بنیاتنانی جێگری هەرێمایەتی ڕاستەقینەدایە، باشترە ئەوە دووبارە بێتەوە و پێویستە پارێزراو بێت لە هەموو ململانێیەکی هیزە بیانییەکان، هەروەها پیویستە پانتایەکی بیرکردنەوە بدرێت بە عێراقییەکان ، بۆ جەخت لە هێزی خۆیان بکەنەوە لە ناوەوە، جەختیشیکردەوە لەوەی سەرکردایەتی عێراق بەردەوامە لە جەختکردنەوە لە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆی، هەوڵیش دەدات پارێزگاری بکات لەسەرجەم کەناڵەکانی پەیوەندیی  کراوە، چونکە دەتوانرێت سیاسیەتێکی دەرەکی ئەوتۆی لەسەر بنیات بنرێتن کە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتیمانی عێراق بکات.

  



ڕیکلام