پەرلەمان ئەنجامی دۆسیەی هەڕەشەکردن لە کازم فاروقی بڵاوکردەوە

  2020-11-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی هەڕەشەکردن لە کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشکراکرد.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی لیژنەکەیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند"هیچ بەڵەگەیەکیان دەستنەکەوتووە هەتا بیسەلمێنێ ئەو پەرلەمانتارانە هەڕەشی کوشتنیان لە کازم فاروق کردوە".

لیژنەکە ڕایانگەیاند کازم فاروق سکاڵای لە هەریەکە لە (مەلا ئیحسان و مەلا وەیسی پەرلەمانتارانی پارتی) و (باڵانبۆ محەمەد پەرلەمانتاری یەکێتی) کردوە.

هەروەها کازم فاروق بۆ سەلماندنی قسەکانی دوو شایەتی هێناوە کە هەردوکیان براین و پاسەوانی خۆین، دواتر پەرلەمانتارێکش شایەتی داوە،بەڵام پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتی تۆمەتەکانیان رەتکردۆتەوە و فەرمانبەرێکش شایەتی رەتکردنەوەی داوە.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکرد ڤیدیۆیەکیان دەستکەوتووە لە کامێرای چاودێری ناو بانکی پەرلەمان گیراوە، بەڵام ڤیدیۆیەکە دەنگی نیە و سودی لێ نەبیندراوە.

دواتر سەرۆکی پەرلەمان ڕای سەرۆکایەتی پەرلەمانی لەسەر دۆسیەکە خوێندەوە و ڕایگەیاند لیژنەکە بەڵگەی پێویستی دەستنەکەوتووە بۆیە کۆتای بە کاری لێژنەکە دەهێنن.

هەروەها بڕیاریدا بە سڕینەوەی سەرجەم وتەکانی کازم فاروق لە دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی نۆی ئەیلول کە رایگەیاند هەرەشەی لێکراوە و داوایکرد پەرلەمانتاران بەرامبەر یەکتر لێبوردەبن.

دواتر مەلا ئیحسان رێکانی پەرلەمانتاری پارتی بەناوی دوو پەرلەمانتارەکەی دیکەشەو قسەی کرد و داوایکرد یان حەسانەی یاسای لەسەر کازم فاروق لاببرێت بۆ ئەوەی لەسەر تۆمەتەکان بدرێتە دادگا یان ئەوان بە رێگای مەدەنی سکاڵای لە دژ تۆماردەکەن بۆ ئەوەی ببێتە عیبرەت.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایگەیاند کاری لیژنەکە و دۆسیەکە لەناو پەرلەمان کۆتایهات دەتوانن لە دەرەوە لە داداگا سکاڵا لەسەر یەکتر بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی نۆی ئەیلول کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە هەڕەشی کوشتنی لێکراوە و پێان وتووە منداڵەکانی بێ ناز دەبن.

دوای ئەوەش سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە ڕوداوەکە پێکهێنا.


ڕیکلام