سوید داوا لە ئێران دەکات سزای لەسێدارەدانی پـزیشکێک هەڵبوەشێنێتەوە

  2020-11-25  | 
تاران
سوید داوا لە ئێران دەکات سزای لەسێدارەدانی ئەحمەد ڕەزا جەلالی هەڵبوەشێنێتەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، داوای لە هاوتا ئێرانیـیەکەی کردووە، ئەحمەد ڕەزا جەلالی پـزیشکی سویدی - ئێرانی لە سێدارە نەدەن کە بە سیخوڕی تۆمەتبارکراوە.

ئەن لیندی وەزیری دەرەوەی سوید لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "لەسەر ڕۆشنایی ئەو زانیاریـیانەی ئاماژە بەوەدەکەن کە پێدەچیت، ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر جەلالی، هاوڵاتی سویدی جێبەجێ بکات، ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، سوید ئیدانەی سزای لەسێدارەدان دەکات و کاردەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایەی کە بۆ جەلالی دەرچووە.

هاوکات ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران هۆشداریداوە لە مەترسی لەسێدارەدانی ئەحمەد ڕەزا جەلالی و رایگەیاندووە، ناوبراو کە لە زیندانی ئەوینی تارانە، براوەتە ژوری تاکەکەسی و بەمزووانە دەگوزارێتەوە بۆ زیندانی ڕەجائی شەهر بۆ ئەوەی لەوێ لەسێدارەبدرێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڕاگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، مەترسی هەیە جەلالی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، لەسێدارەبدرێت.

دیانا ئەلتەحاوی جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، "داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێ بێنەدەنگ لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانیانەوە لە تاران بۆ ڕزگارکردنی ژیانی جەلالی" .

هەروەک ویدا مێهران نیا هاوسەری ئەحمەد ڕەزا جەلالی هیوای خواست، هاوسەرەکەی نەبێتە قوربانی ناکۆکییەکانی نێوان ئەوروپا و ئێران و راشیگەیاند، پارێزەری جەلالی بڕیاری لەسێدارەدانی ناوبراوی بینیوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاری نەکراوە.

بە مەبەستی بەشداریکردنی کە کۆنفڕانسێکی زانستی، ساڵی ٢٠١٦ ئەحمەد ڕەزا جەلالی توێژەر و پـزیشکی بەڕەگەز سویدی - ئێرانی سەردانی تارانی کرد، بەڵام بەتۆمەتی سیخۆڕی و فرۆشتنی زانیاری بە ئیسرائیل دەستگیرکرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

تاران جەلالی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە زانیاری لەبارەی دوو زانای بواری ئەتۆمیی ئێرانی بە مۆسادی ئیسرائیل داوە کە دواتر لەلایەن ئەو وڵاتەوە کوژراون، بەڵام جەلالی بە توندی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بۆیە ئەو سزایەیان بۆ دەرکردووە، چونکە ئامادە نەبووە لە ئەوروپا سیخوڕی بۆ تاران بکات .



ڕیکلام