هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە حەوت پارێزگای عێراق دەدرێت

  2020-11-25  | 
بەغدا
هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە حەوت پارێزگای عێراق دەدرێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بەهۆی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی کە لەئێستادا خەریکە لە کەشی عێراق نزیک دەبێتەوە و راشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دوچاری مەترسی لافاو ببنەوە.

لە نوسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاندووە، بەپێی نەخشە جیهانییەکانی کەش وهەوا، پێشیبینی دەکرێت کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی کە لەئێستادا خەریکە لەکەشی عێراق نزیک دەبێتەوە و لەڕۆژانی 28 و29ی ئەم مانگەدا، زیاتر کاریگەرییەکانی بەشێوەیەکی توند لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە وفورات دروست بکات".

داوایشی لە دەزگاکان و فەرمانگەکانی وەزارەت کردووە،لەئامادەباشی تەواو دابن بۆ ئەگەری ڕوودان و هەڵکشانی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە، بە جۆرێک ئەگەری ئەوە هەیە بەوهۆیەوە لافاو لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە، کوت، زیقار، موسەنا و بەسرە دروست ببێت.  

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداریشداوە لەهاتنی ئاو و لافاوێکی زۆر لە ناوچە سنورییەکانی خۆرهەڵات لەگەڵ وڵاتی ئێران و رایگەیاندووە، دەبێت هەموو یەکە ئیدارییەکان و فەرمانگە حکومییەکان و فەرمانگەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بە تەواوەتی ئامادەی هەر دۆخێکی نەخوازراو بن.



ڕیکلام