ژنێکی ئێزدی تەمەنی 133 ساڵە و چاوەڕێیە ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە

  2020-11-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕوش قاسم حسێن ژنێکی تەمەن 133 ساڵەی ئێزدییە، کە هێشتا لە ژیاندایە و لە کەمپی کەپەرتووی سنوری دهۆک نیشتەجێیە.

روش قاسم بە کەناڵی سکای نیوزی ڕاگەیاندوە بەپێی بەڵگەکان لە رۆژی یەکی تەموزی ساڵی 1887 لەدایکبووە.

ئاماژەی بەوەشكردوە هێرشی عوسمانیەکانی بۆ سەر ئێزدییەکانی لە بیرە هەتا دەگاتە هێرشی داعش و ئاوارەبونیان لە شنگال.

روش قاسم لە ئێستادا لەگەڵ نەوەکانی لە ناو خێمەکانی کەمپەکەدا ژیان بەسەردەبات و خێزانەکەی باسیان لەوە کردوە رەوشی باشە و لە جێگدا نیە و تەندروستی باشە.

هەروەها یادەوەرییەکی پڕ لە چیرۆکی جەنگ و لەناوچونی هەیە، سەردەمی عوسمانیەکان و  سەردەمی پاشایەتی و حوکمی کۆماری و هەموو سەردەمەکانی دیکەی هەتا ئێستا لەبیرە.

لە ئێستادا نەوەکانی لەئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لەکتێبی تۆمارکردنی شتە پێوانەییەکان(گینس) ناوی وەک بەتەمەنترین ژن تۆماربکەن.

روش قاسم ئێستاش رۆژانە گوێ لە گۆرانی کوردی و ڕادیۆکان دەگرێت و دەیەوێت بزانین هەواڵەکان چی دەڵێن،بەڵام بەهۆی کزبوونی چاوەکانی و بەبێ دارشەقاکانی دەستی ناتوانێت لەناو خێمەکاندا هاتوچۆ بکات و سەردانی نەوەکانی بکات.

ئەگەرچی ئەو تەمەنە زۆرەی هەیە بەڵام هێشتا قژی بە رەشی ماوەتەوە، ئەو دەڵێت بەهۆی خواردنی تەندروستەوە پارێزگاری لە قژی کردوە.

دەڵێت سەردانی پزیشکی نەکردوە و گرنگی بەهەندێک خواردن داوە وەک هێلکە و شیر و سەوزە و میوە، بەتایبەت وشککراوە، هەروەها ماسیی خواردنی سەرەکەی ژەمەکانیەتی.

دەڵێت پێش ئەوەی لە شنگال ئاوارە بێت و ناوچەکەیان وێرانبێت، لەکاتی بونی کێشەی تەندروستی دەرمانی گیای سروشتی بەکارهێناوە، هەروەها بەردوامبووە لە سەر خواردنی قارچک و هەنجیر و ترێ،ئەمە جگە لەوەی هەنگوین هەمیشە لەسەر مێزی خواردنی بەیانیانی بووە.

داپیرە ڕوش قاسم وەک باوباپیرانی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا ژیاوە، هێشتا بیری دێتەوە کە چۆن هێزەکانی عوسمانی هەڵیاندەکوتایە سەر گوندەکانیان و بەشێکی زۆریان لێکوشتن و ئەوەی بەختی هەبوو رزگاری بوو.

روش قاسم لەزاری باوکیەوە دەیگیڕێتەوە کە ئەم تەمەنی پێنج ساڵبووە کاتێک عوسمانیەکان هێرشیان کردۆتە سەریان و دواتر لە ساڵی 1894 دوبارە هێرشیان کراوەتەوە سەر.

روش قاسم دەڵێت"عوسمانییەکان هەزاران ئێزدییان کوشت و لە کاتی کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی ڕابردوودا، بە تایبەت عوسمانییەکان هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرن لە چیای شەنگال، ئەگەر خێزانە ئەرمەنیەکانیان ڕادەست نەکەن کە هەڵاتبوون.

هەروەها روش قاسم کۆمەڵکوژی ئێزدیەکانی لەسەر دەستی داعش لەبیرە و دەڵێت ڕێکخراوی داعش تیرۆریستترین بوو.




ڕیکلام