نەوت لەئابوری سەربەخۆوە بۆ دۆسیەیەکی نهێنی

  2020-11-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماوەی ساڵانێکی زۆرە پرسی نا شەفاف بوونی دۆسێی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە گرێکوێرەیەکی گەورە و هەمووانی سەرقاڵ کردووە، لە پەرلەمان و حکومەتى عێراقەوە تاوەکو دەگاتە خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.


هەرچەندە نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام نزیکەی ساڵێک و 4 مانگە کابینەی نۆیەمی حکومەت دەست بەکار بووە کەچى تائێستا نە وەزیر و نە وەزارەتی تایبەت بە نەوتی هەیە، هەموو دۆسێکان لە جانتای کەسێکە کە زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.

ئێستا کە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، یەک بەرمیل نەوتی خاو بۆ نزیکەی 48 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەو وڵاتانەی نەوت دەفرۆشن کەوتوونەتە شەن و کەوی ئەوەی بزانن لەو بەرزبوونەوە چەند قازانج دەکەن، بۆ نموونە کۆمپانیای سۆمۆی عێراق لە چەند رۆژی رابردوو راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، دەزانرێت عێراق رۆژانە 2 ملیۆن و  876 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەگەر نرخی بەرمیلێک تەنیا یەک دۆلار زیاد بکات، ئەوا عێراق رۆژانە 2 ملیۆن و876 هەزار دۆلار قازانج دەکات.

 پرسیارەکە ئەوەیە لەو بەرزبوونەوەیە هەرێمی کوردستان چەند دۆلار قازانج دەکات؟ بە دڵنیاییەوە زۆر کەس نازانن، بەڵام کە نرخى نەوت دادەبەزێت هەمووان دەزانن چونکە موچەکانیان لێى دەبڕێت و دوادەکەوێت.

تۆڕی هەواڵی ژیان لەو بارەوە بەدواداچوونی کردووە، لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانیش بە دیاریکراوى نازانن هەرێم رۆژانە چەند هەزار بەرمیل  هەناردە دەکات، بەڵام هەندێک سەرچاوەى نا فەرمى دەڵێن رۆژانە زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.
لە دوای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دوای ساڵی 2013  کە نەوت لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەکرا، پرسی ناشەفاف بوونی نەوت هاتەکایەوە، لەو کاتەوە دۆسێی نەوت بە ناشەفافی لە لای چەند کەسێکی دیاری کراوی ناو پارتی ماوەتەوە و کەس ئاگاداری نییە .

بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی نا شەفاف بوونی دۆسییەی نەوت، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2016 حکومەتی ھەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت ئەنجامدا کە کۆمپانیایەکی جیھانییە تایبەتە بە وردبینیکردن لە کەرتی نەوت و گازدا، راپۆرتەکانی کۆمپانیاکە وەڵامی گومانی پەرلەمان و لایەنەکانی نەدایەوە، لەگەڵ هەموو شک و گومانەکان ماوەی زیاتر لە 3 مانگە دیلۆیت هیچ راپۆرتێکی بڵاو نەکردووەتەوە و نازانرێت لە هەرێمەوە رۆژانە چەند بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت و بەکێ و بەچەند و چۆن دەفرۆشرێت؟.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەزیری نییە و مەسرور بارزانی خۆی کارەکانی وەزارەتەکە بەڕێوە دەبات، ئاشتی هەورامی وەک یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە ماوەتەوە.

 لە کابینەی پێشووی حکومەت، سەرەڕای هەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەنجومەنی باڵای وزەش هەبوو، ئەندامی بەشێک لە حیزبەکانی تێدا بوو، پرسەکانی تایبەت بە نەوتی تێدا باس دەکرا بەڵام لەم کابینەیە تەنانەت ئەو ئەنجومەنەش هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە.

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، مەلەفی نەوت ھیچ کات بەقەد ئێستا نا شەفاف و مەرکەزیی نەبووە.

باس لەوەش دەکات، گەورەترین کێڵگەی نەوت لە کوردستاندا  کە خورمەڵەیە 35 ٪‏ نەوتی ھەموو کوردستانى لێوە بەرھەمدێت، بەرھەمی ڕۆژانەی ١٧٠ ھەزار بەرمیلە، ئەم کێڵگە کێڵگەیەکی ئامادەکراوی عێراق بووە و و دراوە بە کۆمپانیای کار  بۆ بەڕێوەبردن و فراوانکردن، تاوەکو  ئێستا گرێبەستی  ئەم کێڵگەیە نادیارە، خزمەتگوزارییە یان ھاوبەشییە، داھاتی قازانجی سەرجەم کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان دیارە لە کوردستان، بەڵام نە حکومەتی ھەرێم و نە کۆمپانیای کار ھیچ زانیاریەک لەسەر قازنجی کۆمپانیای کار ئاشکرا ناکەن کە کۆمپانیایەکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانە.

عەلی حەمە ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدڵنیاییەوە تەنیا بە پێداچونەوە بە گرێبەستەکانی کۆمپانیای کار، سەدان ملیۆن دۆلاری ساڵانە دەگەڕێتەوە بۆ  حکومەتی ھەرێم.

ئەوەی بووەتە پرسیار بەلای پەرلەمانتارانەوە ئەوەیە، حکومەت دەڵێت لە 2019 دا، 2 ملیار و 537 ملیۆن دۆلار دراوە بە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت، بەڵام ناوی کۆمپانیاکان ئاشکرا نەکراوە، ئەو بڕە پارەی کۆمپانیا بیانیەکانی بەرھەمھێنان وەریانگرتووە و ڕایانگەیاندووە، زۆر کەمترە لەم بڕە. 

ئێستا کە وەزیری سامانەسروشتییەکان نییە، بەفەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دەسەڵاتی وەزیر دراوە بە ئاشتی هەورامی، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم کابینەیە هەورامی ئەندامی هیچ وەفدێک نەبووە كە چونەتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەلای هەمووانەوە ئەو وەفدانەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نەوتەوە دەچنە بەغدا، هیچ یەكێكیان ئاگاداری وردەکارییەکانی دۆسیەكە نین‌و دەسەڵاتیان بەسەر ئاشتی هەورامیدا نییە‌، لەبەر ئەوەی ماوەی ساڵانێکی زۆر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان بووە و لینکی زۆربەی کۆمپانیاکان و کڕیار و دەڵاڵەکانە لە نەوتی هەرێمدا.

 مەسرور بارزانی کە سەرکەوتوو نەبوو لە دورخستنەوەی ناوبراو  و ناچار بوو بە سێ فەرمان دەسەڵاتی وەزیری بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام  لە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەشداری ناکات بەڵام بەپێی چەند زانیارییەکی نافەرمی ناوبراو لە بەریتانیایە و لەگەڵ چەند کەسێک نەوتی هەرێم بەڕێوە دەبەن، پەرلەمانتاران‌ و دامەزراوەكانی تری چاودێری ناتوانن هیچ زانیارییەکیان لەبارەی نەوت و داهاتەکەی دەست بکەوێت، هەر بۆیە دەوترێت رەنگە ساڵی 2020 ناشەفافترین ساڵ بێت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی داتاکانی ئەمساڵ بڵاونەکراونەتەوە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2019.

داهاتی نەوت چی لێدێت و چۆن خەرج دەکرێت؟

13٪ کۆی داهاتی نەوت بۆ کرێی بۆری نەوت لەناو خاکی هەرێم و تورکیا دەڕوات لە کاتێکدا بۆرییەکە هی حکومەتی هەرێم بوو  فرۆشرایە کۆمپانیای کار و رۆسنەفت.

16٪ی دەدرێتەوە بە قەرزی تورکیا و کڕیارانی نەوت.

9٪ی دەدرێتەوە بە قەرزی کۆمپانیا ناوخۆییەکان بۆ کارەبا و پاڵاوگەکان.

30٪ دەدرێتەوە بە حەقدەستی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت

2٪ی لە گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار دەڕوات

بەوەش %70ى داهاتى نەوت بۆ حکومەتى هەرێم نامێنیتەوە

ئەوەى دەمێنێتەوە تەنیا لە 30٪ داهاتەکەیە

تا حکومەت بۆ موچە و خەرجییەکانى دیکەى خەرجى بکات

واتا ئەگەر مانگێک داهاتى نەوتى هەرێم 700 ملیۆن دۆلار بوو بێت، ئەوا تەنها 210 ملیۆن دۆلارى بۆ حکومەت ماوەتەوە و بڕى 490 ملیۆن دۆلارى بۆ تێچووى دەرهێنانى نەوت و کرێى بۆرى و دانەوەى قەرزەکان خەج کراوە.

ساڵی 2019 هەرێمی کوردستان 171 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، 160 ملیۆن بەرمیلی لێ فرۆشتووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لەو ساڵەدا 8 ملیار و 438  ملیۆن دۆلار بووە، بەغداش 4.5 ملیار دۆلارى ناردووە، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 2 ملیاردۆلار بووە کە کۆی گشتی پارەکە دەکاتە نزیکەى 15 ملیار دۆلار لەو بڕە پارەیە تەنیا 9 موچەی فەرمانبەرانی داوە.

قسەی پەرلەمانتاران و حیزبەکان جگە لە پارتی ئەوەیە کە ئەگەر شوێنێک یان وەزارەتێک نەبێت پەرلەمانتاران و چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە بەدواداچوون بکەن خەڵک بەچی دڵنیابن لەوەی ئەو پارانە چۆن بە چ پێوەرێک خەرج کراون، لە کاتێکدا لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کوردستان پرۆژە بودجەی نییە.

جگە لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، یەکێتییش وەک لایەنێکى سەرەکى پێکهێنەرى حکومەت، تێبینی لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێم هەیە، لە دوای هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ لاهور شێخ جەنگی چەند جارێک داوای شەفاف بوون و چاکسازی کردووە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەشێک لە پەرلەمانتاران ناشەفاف بوون و شکستی فرۆشتنی نەوت بە بێ بەغدا دەخەنە ئەستۆی پارتی، لە بەرئەوەی لە کۆی 470 هەزار بەرمیلى رۆژانە تەنیا 42 هەزار بەرمیل نەوت لە دەروەی سنوری پارتی بەرهەمدەهێنرێت.

ساڵی 2010 کە نێچیرڤان بارزانی هیچ پۆستێکی فەرمی نەبوو چووە تورکیا و گرێبەستی 50 ساڵەی لەگەڵ تورکیا ئیمزاکرد بەڵام لە ئەنجامدا کوردستانی تووشی بڕینی موچە و بودجە و قەرزێکى زۆرکرد.

پەرلەمانتارانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوودمەندی سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان تورکیا و کۆمپانیای کاری سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانن.


ڕیکلام