ئیتلاعاتی ئێران: چەند سەرەداوێکمان لە ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی فەخریزادە دەستکەوتووە

  2020-11-29  | 
تاران
ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، چەند سەرەداوێکیان لە ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی فەخریزادە دەستکەوتووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، چەند سەرەداوێکیان لە ئەنجامدەرانی کوشتنی زانای ئەتۆمیی وڵاتەکیان موحسن فەخریزادە بەدەستهێناوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانیویانە چەند سەرەداوێک لە ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی موحسن فەخریزادە بەدەستبهێنن و لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، ٢٧ی١١ی٢٠٢٠، موحسن فەخریزادە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەو داهێنانی وەزارەتی بەرگری و یەکێک لە بەتواناترین زانایانی ئەتۆمیی ئێران، کە چەندین نازناوی وک باوکی ئەتومی ئێران و قاسم سلێمانی بواری پیشەسازی ئەتومیی ئێران هەبوو، لە ناوچەی دەماوەندی تاران تیرۆرکرا .

یەک ڕۆژ دوای ئەو هێرشە، عەلی خامنەئی رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکی کورتدا رایگەیاند، "شارەزا و زانای لێهاتووی بواری ئەتۆمیی، موحسن فەخریزادە لەلایەن بەکرێگیراوانی شەڕخواز و تاوانبار شەهید کرا و دەبێت بەزووترین کات، بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی ئەو تیرۆرە بكرێت و بكەران و هاودەستەکانی ئەو تاوانە سزا بدرێن ".

خامنەئی داواشی لە بەرپرسانی ئێران کرد، درێژە بە رێگەی موحسن فەخریزادە بدەن .

هەروەک حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کوشتنی فەخریزادەی بە تەڵەی ئیسرائیل بۆ نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە لەقەڵمدا و راشیگەیاند، وڵاتەکەی لە کاتی خۆیدا وەڵامی گونجاوی دەبێت بۆ ئەو هێرشە.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بەپرسانی ئێران بە پلەی یەکەم ئیسرائیل و دواتر ئەمریکا بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار دەکەن، چونکە پێشتر ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی موحسن فەخریزادەی کردبوو. 



ڕیکلام