لەبارەی پڕۆسەی خوێندنەوە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی دەرکرد

  2020-12-01  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی خوێندنەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/1 بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە .

لە کۆبوونەوەکەدا د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، راپۆرتی دەربارەی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و دوای گفتووگۆ و ڕا گۆڕینەوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، مامۆستایان، قوتابیان و خوێندكاران، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران :

١- دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت .

٢- قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن .

٣-قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/7) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت .

٤-ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت .

٥- دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت .

٦- دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت .

٧-بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت .

٨- لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تا رۆژی (2021/1/7) وەك خۆی بەردەوام دەبێت .

٩-بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/7) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت .

١٠- راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (مزگەوت، کلێسە و هۆڵی بۆنەکان) بە مەبەستی پابەندکردنیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا .

١١-دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24 ).

ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2020/12/2) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێکەوتە لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتووێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان .



ڕیکلام