هۆڵی بلیاری تودەی لە سلێمانی داخرا

  2020-12-01  | 
سلێمانی
هۆڵی بلیاری تودەی لە سلێمانی داخرا
فۆتۆ: قائیمقامیەتی سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی پابەندنەبوون بەرێنماییەکانی کارکردن، لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە هۆڵی بلیاردی تودەی لە سلێمانی داخرا.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەئەنجامی سەردان و پشکنینە بەردەوامەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ گازینۆ، کافتریاکانی نێرگەلەکێشان و شوێنی خواردنەوە کحولیەکان، دەرکەوتووە هۆڵی بلیاردی تودەی پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن و رێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لەسەرپێچییەکانی هۆڵی بلیاردی تودەی پابەند نەبونیەتی بە رێنماییەکانی تەندروستی بەجۆرێک کە هیچ گرنگییەکیان بە پاک راگرتنی شوێنەکە نەداوە و شوێنەکە شیاوی کارکردن نیە تیایدا، هەروەها پابەند نەبونە بەرێکارەکانی خۆپارێزی (بەستنی ماسک و بەکارهێنانی مادەکانی پاکژکردنەوە).

قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاندووە، مۆڵەت، یەکێکە لە بنەماکانی کارکردن، پێویستە ئەو شوێنەی کاری تێدادەکرێت مۆڵەتی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە پیشەکەیەوە وەربگرێت، بەڵام شوێنەکە مۆڵەتی کارکردنی وەرنەگرتووە، بۆیە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی هۆڵی بلیاردی تودەی لە گەڕەکی سەرچنار داخراوە و خاوەنەکەشی روبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە .



ڕیکلام