بەرهەم ساڵح: پێویستە هەلی گونجاو بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بڕەخسێنرێت

  2020-12-03  | 
پێشوازیکردنی سەرۆک کۆمار لە ژمارەیەک کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت
فۆتۆ : سەرۆکایەتی کۆمار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی کۆمار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، سەبارەت بە دەرکردنی یاسای پێویست بۆ دڵنیایی لە پاراستنی مافی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویستیان لە دامەزراوە حکومییەکاندا بۆ بگیرێتە بەر .

لەبەیاننامەیەکدا سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە ڕۆژی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا، بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و گوێبیستی کێشە و ڕێگرییەکانی بەردەمیان بوو .

بەگوێرەی بەیاننامەکە سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە، نابێت بهێڵرێت هیچ هەلێک بەفیرۆ بچێت لە پێناو پشتیوانی لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە وڵاتدا، بە تایبەت دەستبەرکردنی یاسای پێویست، لە پێناو پاراستنی مافەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان و دووبارە هێنانەوە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی گۆنجاو بۆیان، بۆ ئەوەی بتوان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کاربکەن .

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە لەسەر ھەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە مافەکانیان، بەگوێرەی ئەو پێوەرە نێودەوڵەتیانەی کە پشتیان پێ دەبەسترێت .

سەرۆک کۆمار جەختیشیکردەوە، ئەو جەنگ وکردەوە تیرۆر و توندوتیژی و ململانێ چەکداریانەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ڕوبەڕوی وڵاتەکە بووەتەوە، بۆوەتە ھۆی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە تەمەن جیاجیاکاندا دووچاری چەندین شێوازی کەمئەندامی ببنەوە، کە تا ئێستاش پاشماوەکانی جەنگ ژیانی چەندین کەس لەناو دەبات .

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سەرۆک کۆمار پیشتیوانی خۆی بۆ چینی خاوەن پێداویستی تایبەت دووپاتکردووەتەوە، بە تایبەت لەبواری یاسایی و ئیداریدا، هاوکات تێگەیشتی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو کێشە و گرفتانەی کە ڕوبەڕویان دەبێتەوە .



ڕیکلام