سلێمانی "ناوچەیەکی سەوز" بۆ رۆژنامەنووسان و چالاکە هەڵاتووەكان

  2020-12-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی هەڵاتوو لە وڵاتەکەیان، ڕۆژانێکی سەخت بەڕێدەکەن لەگەڵ ژانی ئەو بژاردانەی کە لەبەردەمیاندانە لە نێوان خۆحەشاردانی بەردەوام دوور لە چاوی میلیشیا و چەکە بێدەنگەکانیان، یاخود کۆچ و جێھێشتنی وڵات بۆ غەریبایەتی بۆ ئەوانەی کە توانایان ھەیە.

نەسرینی تەمەن ٢٧ ساڵ (ناوێکی خوازراوە) جگەرەی پێش کۆتایی ناو پاکەتەکەی دادەگیرسێنێت، بە دڵێکی غەمبارەوە لە پەنجەرەی یەکێک لە کافتریاکانی گەرەکی سەرچنارەوە بۆ دەرەوە دەڕوانێت.

پێش ئەوەی قسە بکات مژێکی قوڵ لە جگەرەکەی دەستی دەدات و دەڵێت "زۆرێک لەم دەمووچاوە گەنم ڕەنگانە لە بەغداو شارەکانی تری باشورەوە لە ترسی هۆکارەکانی کوشتن و تیاچوون هاتوونەتە ئێرە".

بەشێکی تری وردەکاری ئەو دۆخە باس دەکات کە ناچاری کردووە شارەکەی جێبهێڵێت و روو بکاتە ئێرە.

کات شەشی ئێوارە بوو، کاتێک زەنگی مۆبایلەکەی لێی دا، زانیم سێ ھاوڕێکەم لە ئوتۆمبێلێکدا لە دەرەوەی ماڵەکەم چاوەڕوانیم دەکەن، بۆ ئەوەی سەردانی پرسەی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی بە ناوی تەحسین ئوسامە بکەین، کە ڕۆژێک لەوەبەر بە دەمانچەی بێدەنگ لەبەردەم ماڵەکەی کوژرابوو.

هەر لە ماڵ هاتە دەرەوە یەکسەر چاوی چووە سەر ئوتۆمبێلێکی ڕەش کە بەرەو ڕوویان دەهات و چەند پیاوێکی تیا بوو بە دەمانچەوە دەستیان لە جامی ئوتۆمبێلەکەوە ھێنابووە دەرەوە.

"لەو کاتەدا جگە لە هاوارکردن بۆ هاوڕێکانم ھیچم بیر نەبوو، کە بە خێرايی خۆیانکرد بە ژووردا و لەو کاتەشدا ڕێژنەیەک گولەیان ئاراستە کردین" جگەرەکەی کوژاندەوە.

١٧ گولەیان ئاراستەکە کرا، جگە لە یەک دانەیان کە بەرقاچی راستی نەسرین کەوت ھەموویان ئامانجەکانیان هەڵە کرد، هەموویان خۆیان دایە پاڵ دیوارەکەی دەرەوەیان و لە مردنێکی ڕاستەقینە ڕزگاریان بوو، چەند خولەکێکی قورس تێپەڕین بەر لەوەی هێزێکی ئەمنی بگاتە فریایان و بیانگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی ئارام.

دوای ئەو رووداوە لەسەر ئامۆژگاری هاوڕێ و کەسوکار بڕیاریدا  لە ترسی ئەوەی نەوەک جارێکی تریش بکرێتە ئامانج، شارەکەی و کارەکەشی لە ڕێکخراوە مرۆییەکان جیبھێڵێت و بگوازێتەوە بۆ شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.

نەسرین باس لە ھەڵویست و تاقیکردنەوەی خۆی دەکات، وەک یەکێک لە چالاکانی مەدەنی لە شاری بەسرە، گەورەترین شاری باشوری عێراق، کە گەنجەکانی رژانە سەر شەقامەکان لەدژی ھێزە دەسەڵاتدارەکانی ناو دەزگاکانی دەوڵەت و داوای "چاکسازی وگێرانەوەی نیشتمان دەکەن".

لە ساڵی ٢٠١٨ لە وێنەیەکیدا زۆر بە دڵتەنگییەوە وەستاوە، کاتێک وێنەکەی لەگەڵ کونسوڵێکی ڕۆژئاوایدا دەردەکەوێت، کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێ چالاکوانەکانی خەڵاتی دەکات.

بەهۆی ئەو وێنەیەوە لەلایەن میلیشیاکان و ئەندامەکانیانەوە، روبەرووی چەندین سوکایەتی و ناوزڕاندنی ئەخلاقی و ئازاری دەروونی بۆوە.

وەک خۆی دەڵێت "تۆمەتباریان کردووم بە پەیوەندی و کرێگرتەیی بۆ ئیسرائیل، چەندین نامە و پەیامی هەڕەشە ئامێزی پێگەیشتووە لە لایەن کەسانی نەناسراوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە، هەڕەشەکانیان جێبەجێ کرد، بەڵام ڕزگاری بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەو جۆرە هەڕەشانە کۆتاییەکەی مردنە".

"دەستمان پێتان دەگات ئەگەر بچنە ئاسمانیش"

ڕەنگی قژی گۆڕیوە، بە پێی توانا دەیەوێت ڕووی بشارێتەوە تەنانەت کاتێک لە شاری سلێمانیشە، دەستی میلیشیاکان درێژە، بەشێک لە ھاوەڵەکانیان سلێمانیشیان بەرەو دەرەوەی وڵات جێھێشتووە، بە تایبەت دوای ئەوەی هەستیان کردووە لەلایەن سیخوڕەکانەوە ڕاودەنرێن و چاویان لەسەرە، بە دەق یەکێک لە نامەکانیان دەڵێت "دەستمان پێتان دەگات ئەگەر بچنە ئاسمانیش".

لە ئێستادا نەسرین هیچ خەونێکی نییە جگە لە گەیشتن بە ئەوروپا، یان ھەر دەوڵەتێکی دیکە بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەو ترس و دوودڵیەی کە ڕۆژانە تیایدا دەژی.

بە متمانەیەکی تەواوە دەڵێت "گروپەکانی سەر بە حزیبە ئیسلامیيە شیعەکان وازمان لێناهێنن، تەنانەت ئەگەر خۆپیشاندانەکانیش تەواو بێت".

ئەو گروپانە زۆربەیان سەر بە ئێرانن و بۆ بەرژەوەندی ئەو کار دەکەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر بەرژەوەندی وڵاتەکەش بێت، تۆمەتبارن بە پرۆسەکانی کوشتنی بەرنامە بۆ داڕێژراو و جێبەجێکردنی هێرشی کوێرانە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی عێراق کە لە تشرینی ٢٠١٩ بەرپابوون، لەو کاتەدا سەدان خۆپیشاندەر و چالاکی مەدەنی ناسراو لە بەغدا و پارێزگاکانی زیقارو بەسرە و نەجەف و دیوانيیە کرانە ئامانج و کوژران.

بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییەی کە لەلایەن لایەنە حکومییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەرچووە، زیاتر لە ٥٦٠ کەس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، جگە لە برینداربوونی هەزاران، کە دەیان کەسیان تووشی کەمئەندامی تەواو بوون، هەروەھا فڕاندن و بێسەروشوێنکردنی چەندین چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس، کە تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

"سلێمانی پەناگەیەکی ئارامە"

سەندیکای بەرگری لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە عێراقدا، بە بەڵگەوە ئاشکرایکردووە، ٣٤١ ڕۆژنامەنووسی عێراقی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩وە ڕوبەروی هەموو سوکایەتی و ئازاردان و ڕێگری کارکردن بوونەتەوە، بە تایبەت ئەوانەیان کە لە دەزگا میدیاییە ناسراوەکاندا کاریانکردووە و بەردەوام خۆپیشاندانەکانیان گواستووەتەوە، بەشێوەیەک زۆربەیان ڕوبەڕوی هەڕەشەی تیرۆر و کوشتن، یان فڕاندن و دەستگیرکردن و زیندانیکردن بوونەتەوە.

مستەفا ناسر بەڕێوەبەری سەنديکاکە نیگەرانی ودوودڵی زۆری خۆی دەربرێت سەبارەت بەو دۆخەی ڕوبەروی ڕۆژنامەنووسان بووەتەوە، چونکە ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە سەبارەت بە خراپبوونی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی، کە بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پاشەکشەی کاری ڕۆژنامەوانی و کۆتوبەندکردنی دەسەڵاتی چوارەم و توانای ڕۆژنامەنووسان، لە دروستکردنی گۆڕانکاری و دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی.

بەگوێرەی راپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، کە بارەگاکەی لە شاری سلێمانییە و دەڵێت، لەدوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی رابردووەوە، ١٧٨ ڕۆژنامەنووس  و چالاكی مەدەنی سلێمانیيان کردووە پەناگەیەک بۆ خۆیان، بە مەبەستی خۆبەدوورگرتن لەو چارەنووسەی کە هاوڕێکانیان ڕوبەڕوی بوونەتەوە، لە تیرۆرکردن لەسەردەستی ھێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکان، هەندێکیشیان دوای دەستگیرکردنیان تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

دیار محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەرەکە ئاماژە بەوە دەکات، بە دەیانی دیکە لە سلێمانین، بەڵام لە ترسی دزەکردنی زانیاریيەکان و چاودێریکردنیان و ئاشکرابوونی شوێنیان نایانەوێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

دیار محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە سەنتەری میترۆ ناویان تۆمارکردووە، روبەڕوی هەڕەشەی کوشتن و فڕاندن بوونەتەوە لە پارێزگاکانیان، لەکاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان بێدەسەڵاتن لەوەی بیانپارێزن، ڕوونیشی دەکاتەوە، بەغدای پایتەخت لە پێشەوەی ئەو پارێزگایانەیە کە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی ناچار بوون جێی بهێڵن، دوای ئەویش شاری دیوانە و پاشان زیقار.

دیار ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی ئەو چالاک و ڕۆژنامەنووسانە، سەرباری دۆخی خراپی دەروونییان، بارودۆخی داراییان زۆر خراپە و پێویستیان بە هاوکاریی بە پەلەیە.

ئاشکرایشیکردووە، سەنتەری میترۆ، پیشتر لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا یاداشتی پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان کردووە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری پێویست بۆ ئەو رۆژنامەنووس و چالاکانەی، کە لە ترسی رۆحی خۆیان ماڵ وکارەکانیان جێھێشتووە، بەڵام تا ئێستا جگە لە بەڵێن هیچ شتێکی دیکەیان دەستنەکەوتووە و هیچ کەسێکیان کۆمەک و یارمەتییان پێ نەگەیشتووە، جگە لەوەی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی پێشکەشی کردووە.

"ھەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیان لە کچەکەم کرد"

"باوکی حەلیمە" کە پارێزەر و چالاکی مەدەنیشە، ڕوبەڕوی ھەموو ئەو هەڕەشە و چاوترساندنە بۆوە، تەنانەت کارگەیشتە ھەڕەشەی کوشتن و لەناوبردنی، هەروەک چۆن بەشێک لە ھاوڕێکانی روبەروی ئەو چارەنووسە بوونەتەوە، ئەگەر بێتوو دەستبەرداری بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای زیقار نەبێت.

بەڵام میلیشیاکان لەسەرەتای ئەمساڵدا ئاستی هەرەشەکانیان بەرزتر کردەوە و هەرەشەی فڕاندنی کچەکەی و وێنەگرتنی بە ڕووتی و دەستدرێژی کردنە سەری و پاشان کوشتنی، ئەگەر بێتوو گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان چۆڵ نەکات.

وەک خۆی دەڵێت "خاوەنی دوو کوڕە و کچە گەورەکەشی تەمەنی ١٠ ساڵانە، منداڵی دووەمی تەمەنی پێنج ساڵە، دەیانەوێت بەو شێوازە قێزەونە تۆڵەم لێ بکەنەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی فیشەکەکانیان نەیانتوانی تیرۆرم بکەن، چونکە لە گۆڕەپانی حبوبی خۆی قایم کردبوو، کە بووەتە ئایکۆنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی زيقار و ئامادەش نیم جێی بھێڵم".

ئەو کاتەش کە لەڕێگەی مۆبایلەکەیەوە هەڕەشەی لێکرا، باوکی حەلیمە بە دزییەوە لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، کات نیوەرۆی کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٠ بوو، راستەوخۆ هەر بەو جلانەی بەریانەوە لەگەڵ خێزانەکەی ڕویانکردە بەغدا، تەنھا نیو کاتژمێر مانەوە و ڕاستەوخۆ بە ئوتۆمبێلێکی تایبەت ڕویانکردە سلێمانی.

وەک باوکی حەلیمە دەڵێت زۆربەی هەڕەشەکان بە ژمارە مۆبایلی ئێرانی دەکرێت، بەڵام بە شێوەزاری عێراقی وئەوانەی قسە دەکەن هەموویان عێراقین.

باوکی حەلیمە وەک خۆی دەڵێت لەو ژێرزەمینەی کە بەکرێیان گرتووە، ژیانێکی کولە مەرگی بەسەر دەبەن، بە تایبەت بۆ دوومانگ دەچێت کرێی خانوویان نەداوە، شوێنەکەش تەنھا پێکهاتووە لە ژوورو هەیوانێک، لەگەڵ خێزانەکەی دەبێت مانگی ٢٠٠ هەزار دینار کرێ خانوو بدەن.

بە گوتەی باوکی حەلیمە نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی لە باشوری عێراقەوە  ھاتوونەتە شاری سلێمانی، لە گوزەرانێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام بە پێچەوانەی زۆرێک لەوانەوە کە حەزی چوونە دەرەوەی عێراقیان ھەیە، نایەوێت کۆچ بکات، بە تایبەت دوای ئەوەی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کارئاسانیشی بۆ کردووە، پێی وایە ئەو ھەنگاوە بە واتای ئەوەی میلیشیاکان ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە، چونکە ئەوان بەراستی ئەوەیان دەوێت، یان بمرین یان وڵاتەکە جێبهێڵن.

باوکی حەلیمە چاکی لەبیرە ، کاتێک میلیشیاکان چەندین لاوی دیاری گۆرەپانی خۆپیشاندانەکانیان تیرۆر کرد لە پارێزگاکەی ئەو، بکوژەکان بەزۆری دەمانچەی بێدەنگیان پێیە، ئەکوژن یان کاری فڕاندن و بێسەروشوێنکردن زۆر بە ئاسانی ئەنجام دەدەن، تا دوای چەند کاتژمێرێک دەزگا ئەمنییەکان دەڵێن لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بەڵام ھەموو لێکۆڵینەوەکان بە کراوەیی دەمێننەوە بێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێک.

ئەو باس لە شێوازێکی دیکە دەکات کە میلیشیاکان پەنای بۆ دەبەن بۆ بێدەنگ کردنی خۆپیشاندەران لە باشوری عێراق، ئەویش لەڕێگەی پەنابردن بۆ سەرۆک هۆزەکان، زۆرێکیان پارە و دەسەڵاتیان دەخەنە بەردەست، بۆیە زۆربەیان دەکەن بە گژی چالاکانی مەدەنیدا، ئەوەش گوێیان لێنەگرێت هەرەشەی لێدەکەن، وەک ئەو نامەیەی کە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئاراستەی شێخ و سەرۆک هۆزەکانی کرد، کە ڕاشکاوانە داوایان لێ دەکات دەستبەرداری کۆمەک و پشتیوانی بن لە خۆپیشاندانەکان، بەڵام  ھەندێک ڕەتیدەکاتەوە هاوکاریی میلیشیایان بکات، لە دیارترینیان شێخ حسین خەیون، کە یەکێکە لە سەرۆک ھۆزە دیارەکانی پارێزگای زیقار.

"دۆخی ڕۆژنامەنووسان نەگۆراوە"

لە سلێمانیدا نەبوونی دامەزراوەی میدیایی کە بە زمانی عەرەبی پەخش و بڵاوبکاتەوە، ئەوەندەی تر گوزەرانی ئەو رۆژنامەنووسە ئاوارانەی قورستر کردووە، بۆیە کەمێکی زۆر کەمیان نەبێت کە وەک هەواڵساز یان ئامادەکاری راپۆرت کاردەکەن و لە باشتریان حاڵەتدا مانگانە ٥٠٠ دۆلار وەردەگرن.

سەرباری ئەوەش، بەڵام ئەو ڕۆژنامەنووسانە شارەکەیان لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێم پێ باشترە، بە تایبەت کە پێشتریش شارەکە  ببووە پەناگەیەک بۆ ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکانەی کە لە بەغدا و شارەکانی دیکەوە لە ترسی گیانی خۆیان و ھەڕەشەی  گروپە چەکدارە جیاجیاکان ھەڵاتبوون.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە  لە گەرمەی شەڕی تایەفی ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨ زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان پەنایان بۆ ئەم شارە هێناوە، دواتریش دوای زیادبوونی هەژموونی هەریەکە لەڕێکخراوی قاعیدە و داعش بە هەمان شێوە لە ناوچە سونییەکانەوە بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان ڕوویانکردە سلێمانی.

هەناء ریاز ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی بەغدایە و لە ساڵی ٢٠٠٧وە لە سلێمانی نیشتەجێیە، بە تایبەت دوای ئەوەی لەگەڵ ھاوڕێکانی لە ڕادیۆی دیجلە ڕوبەروی هێرش و هەڕەی ڕێکخراوی قاعیدە بوونەوە، دەڵێت دوای ١٧ ساڵ دۆخی ڕۆژنامەنووسان  نەگۆڕاوە، بەڵکو ڕۆژانە روبەروی کوشتن و فڕاندن دەبنەوە.

هەناء دوای ١٣ ساڵ هێشتا تۆماری ئەو ڕۆژەی لەبیرە کاتێک ڕێکخراوی قاعیدە بە چەندین ئوتۆمبێلی پڕ لە چەکدارەوە و بە چەکی قورس و مامناوەندییەوە وەک ئەوەی بۆ جەنگی سوپایەکی جیھانی هاتبێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی باڵەخانەی رادیۆکە هەڵیانکوتاوەتە سەریان، بەڵام بەھۆی بەرگری پاسەوانەکانەوە شکستیان هێناو کارمەندانەکانیش لە سەربانی ماڵەکانەوە توانیان خۆیان قوتار بکەن، ئەویش لەناو ئەوانەدا بوو کە توانی خۆی ڕزگار بکات.

هەناء پێی وایە سەرباری ئەو پێشێلکاریانەی کە تۆمار دەکرێن، وەک داخستنی دامەزراوە میدیاییەکان و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن و تاکە نەیارەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان پانتاییەکی فراوانی ئازادی تێدایە.

بەڵام بەهۆی سەربەخۆبوونی هەرێم لەڕووی ئەمنی و ئیدارییەوە لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق، وایکردووە ببێتە پەناگەیەک بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی لە کوشتن و راوەدوونان، بە تایبەت دوای ئەوەی بەغدا کە ببووە گەورەترین ناوەندی دامەزراوە میدیاییەکان و بارەگای ئاژانسەکان و ڕۆژنامەکان، ئێستا بووەتە گۆڕەپانی تیرۆر، بە تایبەت لەکاتی تاوسەندنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩، کە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە، چەندین دامەزراوەی میدیایی ناسراو ڕوبەڕوی ھێرشی گروپە چەکدارەکان بۆوە، وەک کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی و دیجلە.

"بەکر"ی تەمەن ٢٥ ساڵ یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسانە باس لە دەستگیرکردنی دەکات لە لایەن ئەندامانی میلیشیاکانەوە، کە ئاڵای حەشدی شەعبییان بەرزکردبۆوە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هەڕەشەی کوشتن، کە بەردەوام لەڕێگەی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێی دەگەیشت، هەمووشی بەهۆی پشتیوانییەکانی بوو لە خۆپیشاندانەکان.

ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێکی دیکەدا دەستگیر کراون، لە کاتێکدا بەرێوە بوون بۆ گۆڕەپانی تەحریری بەغدا.

ڕۆژێکی تەواو لێپرسینەوەی لێکراوە، لەگەڵ شەپۆلێک لە قسەی ناشرین و هەڕەشە و چاوسورکردنەوە، دوای پڕکردنەوە بەڵێنامەیەک پێیان کە چیتر بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن ئازاد کران، دوای چەند ڕۆژێکی دیکە بەکر و هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانی، لەڕێگەی مۆبایلەوە روبەروی هەڕەشە بوونەوە، ئەگەر بێتوو دەستبەداری نوسین نەبن لە خۆپیشاندانەکان، هەڕەشەی فڕاندن و کوشتیان لێکردوون ئەگەر بێتوو دەستبەرداری نووسینەکانیان نەبن لەسەر پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و گواستنەوەی داخوازی خۆپیشاندەران.

بەهۆی ئەوەشەوە بەکر و ٩ ڕۆژنامەنووسی دیکەی ھاوڕێی بەغدایان بەرەو شاری سلێمانی جێهێشت، بەوەش خۆیان ڕوبەڕوی لەدەستدانی کارەکانیان و قورسی ژیان کردەوە، بە تایبەت لە سلێمانی هەلی کارکردن زەحمەتە و گوزەرانیش بۆیان قورسە، لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ کۆمەکێک نەکراون لە لایەن حکومەت و رێکخراوەکانیشەوە، بەو هۆیەشەوە دوان لە هاوڕێکانی ڕێگای چوونە دەرەوەیان هەڵبژارد، یەکێکیان بۆ تورکیا و ئەویدیکەشیان بۆ وڵاتی ئوردن، ئەویش لە ترسی هەرەِشەی میلیشیاکانی کەتیبەکانی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەو دوو گروپەی بوونەتە مایەی زۆرترین هەرەشە لەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان شتێکی ئەوتۆی بەدەستەوە نییە پێشکەشی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بکات، ئازاد حەمە ئەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، پیشەییانە مامەڵەمان لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا کردوو کەلە دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینەوە ڕوبەرویان بووەتەوە، لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش هەماهەنگیمان کردووە بۆ کارئاسانی و ڕاییکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، لە پاڵ ئەوەشدا بڕێک یارمەتییان بۆ دابینکردوون، کە لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەشیان کراوە.

لەئێستادا ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی ڕۆژانێکی ناخۆش بەڕێدەکەن، بە تایبەت لەو بژاردانەی کە لەبەردەمیاندایە لە نێوان خۆشاردنەوەی بەردەوام و دوور لە چاوی میلیشیاکان و دەمانچە بێدەنگەکانیان، یان کۆچکردن بۆ غەریبایەتی بۆ ئەوانەی کە توانایان ھەیە، یاخود ئاوارەبوون بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ روبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابورییەی کە تێیکەوتووە.

یەکێک لەو رۆژنامەنووسە ناودارانەی کە لە ترسی ئەوەی ناوی لە لیستی کوشتنەکانی میلیشیاکاندا هەبووە و چووەتە دەرەوەی عێراق لەڕێگەی مۆبایلەوە پەیوەندی پێوە کراوە و دەڵێت، هەمووشتێک چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی ناتوانرێت دانی لەسەر بەخۆدا بگیرێت، ئەوە هەموو ئەو قوربانیدانانەی هاوڕێکانمان بە بابا بڕوات، بە تایبەت لە سایەی کەمی دەستکەوتەکان و لەگەڵ بەردەوامی بوونی هەمان ئەوهێزانە لە دەسەڵات، شەوانە لە ترس و تۆقین و بێهیوایی بەسەر دەبەین، هەمیشە بیرمان لای ئەو کەسانە کە بۆ هەتا هەتایە جێمانهێشتوون.

ئەم ڕاپۆرتە بە پشتیوانی دامەزراوەی "نیریج" بۆ ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکاری ئامادەکراوە.

ئامادەکردنی-رۆژنامەنوس سەڵاح حەسەن بابان


ڕیکلام