پۆلیسی ئینتەرپوڵ هۆشدارییەکی لەسەر ڤاکسینی کۆرۆنا بڵاوکردەوە

  2020-12-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی ئینتەرپوڵ هۆشدارییەکی جیھانی دەرکرد سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ روبەڕوبونەوەی تۆڕە تاوانکارییەکان، کە دەیانەوێت ڤاکسینی کۆرۆنا بکەنە ئامانج و ساختەکاری تیا بکەن .

لە بەیاننامەیەکدا ئینتەرپوڵ کە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە و ئاگادارکردنەوەی ڕەنگی پرتەقاڵی بۆ داناوە و ئاراستەی هەر ١٩٤ ئەندامەکەی کردووە، ئاماژە دەکات بە مەترسی مامەڵەی تاوانکاری تایبەت بە دزین و ساختەکردن ودابەشکردنی ڤاکسینەکانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوازی نایاسایی .

ئینەتەرپوڵ هۆشیداری داوە لەوەی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان هەوڵی دزەکردنە دەدەنە ناو زنجیرەکانی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بە تایبەت لە کاتێکدا ژمارەیەک لە دەوڵەتان پشتی پێدەبەستن بۆ بەکارهێنان و دابەشکردنی لەسەر ئاستێکی فراوان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوانکارەکان ڕەنگە هاوڵاتی ئاسایی بکەنە ئامانج لەڕێگەی ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانەوە کە دەرمانی ساختە دەفرۆشن، ئەو هەوڵانەش دەبنە مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵک .

یۆرگن ستۆرک بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پۆلیسی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چالاکییە نایاساییانە دابەشکردنی دەرمانی ساختەش دەکرێتەوە، کە وەک چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربهێنرێت .

پۆلیسی نێودەوڵەتی داوای لە هاوڵاتیان کردووە، بە ئاگابن و ئاستی هۆشداری خۆیان بەرزبکەنەوە، کاتێک دەیانەوێت لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەشوێن دەرمان و چارەسەرەکاندا بگەڕێن .

ئاشکراشیکرد یەکەی روبەروبونەوەی تاوانەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی ئۆنلاین، توانیویەتی ٣ ھەزار ماڵپەڕی ئاشکرا بکات، کە گومانیان لەسەرە دەرمان بەشێوەیەکی نایاسایی بفرۆشن،ھەروەھا ئاشکراکردنی ١٧٠٠ ماڵپەڕی دیکە، کە پرۆگرامەکانیان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە وەک پرۆگرامە ڤایرۆساویەکان بوونەتە هەڕەشە لەسەر تۆڕی ئینتەر نێت .

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا پۆلیسی ئینتەرپوڵ ئاماژەی بەوەکردووە، دژایەتی و روبەروبوونەوەی ئەو چالاکییە تاوانکاریانە پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دەزگا و دامەزراوە یاساییەکان و دەستە تایبەتەکان هەیە، کە کاریان چاودێریکردنی دەرمانە لەسەر ئاستی جیهان .

   



ڕیکلام