پسپۆڕانی بەریتانی: دێگزامێتازۆن تاکە دەرمانە بۆ کەمکردنەوی رێژەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا

  2020-06-16  | 
بەریتانیا
"دێگزامێتازۆن تاکە دەرمان بۆ کەمکردنەوی رێژەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا"
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پسپۆڕانی بەریتانی رایانگەیاند، دەرمانێکی هەرزانی وەک دێگزامێتازۆن، دەتوانێت بەشێکی زۆر لە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مردن رزگاربکات.

بەپێی توێژینەوەیەکی پسپۆڕانی بەریتانیا بەکارهێنانی رێژەیەکی کەم لە دێگزامێتازۆن بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە چارەسەرکردنی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا لەقەڵەمدەدرێت کە گیانیان لە مەترسیدایە، چونکە ‌ دەرمانەکە توانیویەتی رێژەی گیان لەدەستدانی ئەو کەسانەی کە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان بۆ یەک لەسەر سێ و ئەو کەسانەشی کە ئۆکسیجن بەکاردەهێنن، بۆ یەک لەسەر پێنج کەمبکاتەوە.

ژمارەیک پسپۆڕی بەریتانیا بە سەرپەرشتی زانکۆی ئۆکسفۆرد توێژێنەوەیەکیان لەسەر دوو هەزار تووشبووی کۆرۆنا ئەنجامداوە کە لە نەخۆشخانە خەوێندراون، بەشیوەیەک کە رێژەیەکی کەم لە دەرمانی دێگزامێتازۆن دراوە بەو تووشبووانە و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخیان کراوە لەگە‌ڵ چوار هەزار تووشبووی دیکە کە دەرمانەکەیان پێنەدراوە.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، مەترسی گیان لەدەستدان بۆ ئەو تووشبووانەی کە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان، لە ٤٠٪ بۆ ٢٨٪ کەمبووەتەوە و بۆ ئەو کەسانەش کە ئۆکسیجنیان بەکارهێناوە، لە ٢٥٪ بۆ ٢٠٪ کەمبووەتەوە.

پرۆفیسۆر پیتەر هۆربی چاودێری باڵای توێژینەوەکە رایگەیاندووە، "تا ئێستا ئەمە یەکەم دەرمانە کە توانیویەتی مەترسی گیان لەدەستدانی تووشبووانی کۆرۆنا کەمبکاتەوە و ئەوەش جێی تێڕامانە، لە ڕاستیدا گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

پسپۆڕانی بەشدار لە توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەگەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ   COVID-19 لە بەریتانیا، کەڵک لەو دەرمانە وەربگیرایە، پێدەچێت بیانتوانیایە گیانی پێنج هەزار کەس لە مردن رزگار بکەن.

هەرزانی و زۆربوونی دێگزامێتازۆن لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەتیش لەو وڵاتە هەژارنشینانەی تووشی قەیرانی کۆرۆنا بوون، خاڵێکی بەهێزە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە.



ڕیکلام