دۆناڵد ترەمپ بە بڕیارێک بەکارهێنانی شێوازی خنکاندنی لە پۆلیسی وڵاتەکەی قەدەغە کرد

  2020-06-16  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مەرسومێکی سەرۆکایەتی ئیمزا کرد، بۆ چاکسازی دیاریکراو لە دەزگای پۆلیسی ئەو وڵاتە، کە ڕێگری دەکات لە بەکارهێنانی فشار لەسەر مل وقوڕگی دەستگیرکراوەکان کە مەترسی خنکاندنی کەسەکانی لەسەرە.

ترەمپ لە میانی پێشوازیکردن لە خێزان و کەسوکاری ئەو کەسانەی کە بە توندوتیژی دەزگا ئەمنییەکان و ڕەگەزپەرستی گیانیان لەدەستداوە ڕایگەیاند "هەموو جۆرە پەنابردنێک بۆ حاڵەتی خنکاندن قەدەغە کراوە، تەنها لەو کاتانەدا نەبێت کە ژیانی پۆلیسەکە ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوە و داواش لە هەزاران پۆلیسی ئەمریکا دەکەم پابەندبن بە پێوەرە پیشەییەکانیانەوە".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژە یاسای چاکسازی دەزگای پۆلیس، بۆ کۆتاییهێنانە بە شێوازی پەیڕەوی کۆن.

ئیمزاکردنی ئەو مەرسوکە سەرۆکایەتیە لەسەر چاکسازی دەزگای پۆلیس لە لایەن ترەمپەوە، بۆ هێورکردنەوەی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەیەتی، کە دژ بە توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی دەزگای پۆلیسی لە سەرانسەری ئەمریکادا لە پەرەسەندندایە، بە تایبەت دوای خنکانی جۆرج فلوید ئەو هاوڵاتیە ڕەشپێستە بە ڕەگەز ئەفریقیەی لە شاری میناپۆلیسی ئەمریکا، کە لەژێر ئەژنۆی پۆلیسدا گیانی لەدەستدا، هەروەها کوشتنی گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵی دیکەی ڕەشپێست لە ویلایەتی ئەنتلانتا کە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و گیانی لە دەستدا.



ڕیکلام