لەمڕۆوە گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریكا و عێراق دەستپێدەكات

  2020-06-11  | 
دۆسیە:  عێراق
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەمڕۆوە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و عێراق دەستپێدەكات، ماوەی گفتوگۆكان درێژدەبێتەوە و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە نوێنەرەكەی رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت.


وا بڕیارە لەمڕۆوە 11ی حوزەیران گفتوگۆی ستراتیژی نێوان حكومەتی نوێی عێراق و ئەمریكا لە سەرجەم بوارەكاندا دەست پێبكات و پێشبینی دەكرێت گفتوگۆكان ماوەیەكی درێژ بەردەوام بێت و هەردوو وڵات نوێنەری خۆیان دیاری كردووە. 

پەیوەندی راستەوخۆی ئەمریكا و عێراق ئەگەرچی پەیوەندیەكی مێژوویە، بەڵام راستەوخۆ لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە لە ساڵی2003 ئەمریكا راستەوخۆ لە رووی سەربازی و ئابوری و سیاسی و هەواڵگریە و سەرجەم بوارەكانی دیكەوە رووی لە عێراق كرد، ئەو پەیوەندیانە لە چەندین قۆناغدا ئاڵۆزی تێكەوتووە و لە ساڵی 2008دا ئەمریكا و عێراق رێككەوتنێكی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەنجامدرا كە بە رێككەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریكییەكان لەسەر خاكی عێراق رێكخراوە.

دوای هاتنی داعش و شكستی حكومەتی عێراق و دواتر بەهێزبوونی گروپە شیعەكان و رێكخستنیان لە ژێر ناوی گروپەكانی حەشدی شەعبی رۆژی 5ی كانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانیدا مەبەست لەو بڕیارەش دەركردنی هێزە ئەمریكیەكان بوو.

بڕیاری دەركردنی هێزە بیانیەكان لە عێرا قبە دیاری كراوی دوو رۆژ دوای كوشتنی هەریەكە لە قاسم سولەیمانی و فەرماندەی سەربازی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندس سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق هات. 
ئەو گفتوگۆیەی ئەمڕۆ دەستپێدەكات لە كاتێكدایە كە ئەمریكا و هێزە كوردجیەكان بەردەوام هۆشداری دەدەن لە بەهێزبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی داع شلە ناوچەكەدا، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەی ئەمڕۆ هیچ نوێنەرێكی حەشدی شەعبی تیادا نیە، بەو هۆیەشەوە ئەو گروپە چەكدارانە رەخنە لە ئەندامانی بەشداربووی حكومەتی عێراقی دەگرن. 

ئەندامانی شاندی عێراقی پێكهاتوون لە: 

عەبدولكەریم هاشم، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق 
لوقمان فەیلی، باڵیۆز و سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق
فەرید یاسین، باڵیۆزی عێراق لە واشنتن
فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
حارس حەسەن، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان
حامید خەڵەف، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردەمی نووری مالیكی
نوێنەری وەزارەتی دەرەوە
نوێنەری وەزارەتی بەرگری
نوێنەری وەزارەتی نەوت
نوێنەری وەزارەتی دارایی 
نوێنەری  وەزارەتی ناوخۆ

بە گوێرەی زانیاریەكانی (تۆڕی هەواڵی ژیان) لە كۆبونەوەی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران كە تیایدا نوێنەری خۆی بۆ ئەو گفتوگۆیە دیاری كردبوو بڕیاردراوە كە نوێنەری هەرێم نابێت دژی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بێت لە عێراق، دەبێت هەوڵبدات هەردوو لایەن لە سەرجەم بوارەكانی نەوت و ئابوری و ئەمنی و هەواڵگری و سیاسی و سەربازی بگەنە رێكەوتن. 

ئەندامانی شاندی ئەمریكی پێكهاتوون لە: 

دەیڤید هێل، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا
فرانسیس فانوون، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە
جوی هوود، جێگری یەكەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا
دەیڤید كۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دەیڤید شنكەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك
ئەوە جگە لەوەی بەشێكی دیكە لە نوێنەرانی ئەمریكی تا ئێٍستا ناوەكانیان ئاشكرا نەبووە. 

گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریكا لە كاتیچكدایە تەنها ماوەی یەك مانگ بەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێی عێراق تێپەڕی نەكردووە و مستەفا كازمی وەك سەرۆكی حكومەت پشتیوانی ئەو گفتوگۆیانە دەكات و هەندێك زانیاری نا فەرمیش ئاماژە بەوە دەكەن كە پشتیوانی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە وڵاتەكەدا.