پەکەکە: تورکیا لە باشووری کوردستانەوە هێرش دەکاتە سەرمان

  2021-02-10  | 
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەبارەی ئۆپراسیۆنەکەی سوپای تورکیا لە سنوری چیای گارە بۆسەر بارەگاکانی پەکەکە، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سوپای داگیرکەری تورک بە مەبەستی داگیرکردنی باشووری کوردستان هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر چیای گارە و دەوڵەتی تورک هێزەکانی لە باشووری کوردستانەوە هێناوە و گەریلاکانیش بەرپەرچیان دەدەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا هاتووە، "ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٣:٠٠وە سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمی گارە دەستی بە هێرشێکی بەرفراوان کردووە، هەتا کاتژمێر ٦:٠٠ لە دەوروبەری گوندی گوزێ، مەیرۆک، سیان، چەمشریتک، یەکمال، کانی سارکێ، دەشتی کافیە و دەشتی نەهلێ لە هەرێمی گارە بە فڕۆکەی شەڕ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە دەیان جار بۆردومان کراون" .

ئاماژە بەوەشکراوە، کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری گوندی چەمرۆبۆتکی لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردومانکراوە و هاوکات گوندەکانی یەکمۆلێ و سیان بە هێلیکۆپتەری کوبرا بۆردومانکراون .

ئەوەشخراوەتەڕوو، دوابەدوای بوردومانەکان سەربازانی تورکیا لە گوندی سیان لە ئەسمانەوە دابەزێندراون و گەریلاکان بەرپەرچیان داوەتەوە و شەڕی قورس لەنێوان هەردوولا ڕوویداوە، دواتر گەریلاکان تەقەیان لە هەلیکۆپتەرەکان کردووە و لە ناوچەکە دوور کەوتوونەتەوە .

هەپەگە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە سوپای تورکیا هێزەکانی خۆی لە باکووری کوردستانەوە نەهێناوە بەڵکو لە هەرێمی کوردستانەوە هێزیان بۆ هێرش کردنەسەر گارە هێناوە .

هەر لە راگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئاماژەی بەوەکراوە کە ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو و ڕۆژی دووی مانگی شوبات فڕۆکەکانی تورکیا هەرێمی ئاڤاشین و بناری چیای مامەنتی ئەو هەرێمەیا بۆردومانکردووە و زیانی زۆر گەیشتووەتە ڕەز و باخی هاوڵاتیان، هەر هەمان ڕۆژ چیای جیلۆی بچووک و چیای کارکەری هەرێمی زاپیش بۆردومانکراون .

پێشتر پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە دهۆك ئاشکرایکردبوو کە لە دوای كاتژمێر یەكی شەوی رابردوو، فرۆكە جەنگیەكانی توركیا نزیكەی 10 جار بۆردومانی چەند ناوچەیەكیان لە سنوری چیای گارە كردووە.

ئەوەشی راگەیاند، بۆردومانەکە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە بەڵام دەنگۆی ئەوە لە ناوچەكە بڵاوبووەتەوە كە توركیا لەو ناوچەیەدا لەڕێی چەند هەلیكۆپتەرێکەوە ژمارەیەک سەربازی دابەزاندبێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی ئەو زانیاریە پشتڕاست ناكاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری ئەو وڵاتەدا، سەرکردەیەکی پەکەکە لە قەزای شنگال دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

ئەوەش ئاشکراکراوە کە ئەو سەرکردەیەی پەکەکە ناوی "ئیبراهیم پاریم"ە  ناسراو بە  "لاشیر"و لە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری ئاڵۆزدا لە قەزای شنگال دەستگیرکراوە.



ڕیکلام