شیعر لای سەباح ڕەنجدەر لە شیکلی جیھانێکدایە، کە نە سەرەتای دیارە نە کۆتایی، بەڵکو لە پەڵەی جوانیی، لە دەنگی نامۆ، لە بزاوتێک، لە ئاماژەیەک، لە ساتمەیەک، لە بیرەوەرییەک پێکھاتووە، لە کۆتاییدا، ھەموو شتێک لای شاعیر دەبێتە ماددە و مایەی شیعر. ڕەنگە باس لە سەرەتایەک بکات، بەڵام سەرەتایەکی زەمەنی نییە، بەڵکو لە ئێستایەک پێکدێت، کە زەحمەتیشە دەستی بەسەردا بگرین. لە زمانی ئینجیلەوە ئەوە فێردەبین کە (لە سەرەتادا وشە ھەبوو)، ئەگەر (وشە) مەبەست لە کردەی خەڵق بێت، ئەوە بە (کردار)یش دەکرێت لێکبدرێتەوە، بەڵام لە ژێر زمانی شاعیر ئەوە دەخوێنینەوە، کە (لە سەرەتادا تەنیا جوانیی ھەبوو). جوانیی لای ڕۆمانسییەکان دنیایەکی خەیاڵییە، دنیایەکی دوورەدەستە، بەڵکو لە زۆرباریشدا، ئاوێتەی مەرگیش دەبێت. ھەر ئەو جوانییەیە، دواتر ڕامبۆ بە (تاڵ) دەیچوێنێت.
لۆژیکی شیعر، لەسەر نالۆژیک بەندە، جیھانی ئەم شاعیرە وەکو نارنجۆکێک ھەپروون بە ھەپروون بووە، ھیچی بەسەر یەکەوە نەماوە، پارچەکانی جارێکی دی مەحاڵە پێکەوە گرێ بدرێنەوە، بەڵام ھەر پارچەیەک خۆی لە خۆیدا پێکھاتەیەکی شیعرییە. ئەم جیھانە ئینسان تووشی گێژبوون دەکات، ئەو گێژبوونەی کە ڕامبۆ دەیویست دەستی بەسەردا بگرێت. ئایا ئەم کردەیە بە شیعر ئەنجام دەدرێت، ئایا شاعیر دەتوانێت ئەم جیھانە لەیەکترازاوە، لە یەکداماڵاوە جارێکی دی بداتەوە دەم یەک و وەک سەنعەتکارێک، ھەوڵی ئەوە بدات برین و شوێنەواری ئەو ئازارانە بسڕێتەوە:
شیعر دەستی لەسەر شانم دانا
گوتی لە دوورەوە ھاتووم و نەزرم لە خۆم گرتووە
نیشانەی زیندووکردنەوە بناسم
شاعیر زۆر خولیای جیھانی خۆیەتی، ھەست ناکات کە کات تێدەپەڕێت، ھەست ناکات کە دەرەوە کاریگەریی بەسەر ئەزموونی ئەوەوە ھەیە، بە پێچەوانەوە ڕەنگە بیەوێت، جیھانە شیعرییەکەی خۆی ببێتە مەرجەع، نەک ئەزموون، بۆیە ھەست بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دەقە سەرەتایییەکانی و دەقە تازە نووسراوەکانی ناکەین. جیھانی شیعریی ئەو بەبێ کەلێن دروست بووە،، ڕەنگە بواریشمان نەداتێ ھەناسەی تێدا بدەین. وەکو ئەوەی ئینسان لە دوا ساتەکانی خۆیدا بژێت و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا ھەر شیعر بێت. بەرجەستەکردنی ئەو جیھانە بەبێ خاڵ، بەبێ وێرگوڵ، بەبێ مەسافەی نێوان وێنەکان، بەبێ سپێتی، بەبێ پەنجەرە و دەرگا. جیھانێکی سیخناخە بە خودی خۆی. دەق جێگای واقیع دەگرێتەوە:
وەک یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانە
لافاو لەو جۆگەیە نیشتەوە
خوداناس بۆ دەستنوێژ گرتن دەچنە سەری
ئەو شەقامانەی ھاتوچۆیان لێ بەستراوە
ڕێکخراوی جانەوەران بە دەستە بەدەکانیان
ڕووناکییان لە بن دروشمەکانیان درۆزن کرد
ئەم جیھانە سوریالیئامێزە، لە ھەمان کاتیشدا لۆکاڵیشە، بە تێرم و موفرەدەی دەشتی دزەیی پڕ و پاراو دەبێت، بە ئاماژەیەکیش بۆ فەزای دەشتی ھەولێر کۆتایی دێت،، پانتایییەکی خاوە، دووبارەبوونەوەی خودی خۆیەتی، کەمێک ھەست بە تەڕایەتی بینین، چاو دەکرێت، بەرجەستەکان لەناو دژایەتی و بە دژایەتی خۆیان دەژین. ھیچ شتێک لە کۆتاییدا، پەیوەندی بە ھیچ شتێکەوە نەماوە. ھەموو (پنت)ێک سەربەخۆییەکی تەواوی ھەیە، بۆ خودی خۆی واقیعێکە. شاعیر کەس ئاشت ناکاتەوە، بانگەشەی کەس ناکات، قسە لەگەڵ کەس ناکات، نایەوێت دەمی ئاراستەی ھیچ کەسێک بکات. ئینسان لە دەقی سەباح ڕەنجدەردا، بە بێ ھیچ ئاراستەیەکی دیاریکراو ھەنگاو دەنێت:
لە ژووری زێوانی خۆم گۆڕەپانێکی گشتیم چۆڵ و قەرەباڵغ
بۆیە لای ئەو، بەرجەستەکان، ماددەکان، چ سروشتی بووبێتن، چ ماددی ڕووت، کەوتوونەتە ھەرەکەت و گیانیان لەبەرە. زمان لەسەر ھێڵی بەیانی ئاراستەکراو بەکار نەھاتووە، بەڵکو لە ئاماژە، ھەندێ جار ئەو ئاماژەیە بۆ خودی خۆی گەڕاوەتەوە. ئەم جۆرە شیعرە لەناو ئەدەبییاتی کوردیدا، ڕەنگە خوێنەری زۆری نەبێت، چونکە دەیان دەیەیە، شیعریان بەوە ڕاھێناوە کە (سیاسی) بێت و حەماسییانە بێتە دەنگ، پەیامی ھەڵوێستبازیی ھەبێت، لە یاوەر و مورید و چەپڵە بگەڕێت، یان (ڕۆمانسی) بێت، ختووکەی ھەستە چەپێنراوەکان و داپلۆسێنراوەکان و مەحروومەکان بدات، ئەرکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی ببینێت، تەنانەت ھەندێ جار وەکو وێنەی (پۆرنۆ)ی لێ بێت، لەپێناو فێنککردنەوەی دەروونێکی گڕگڕتوودا بەکارھاتبێت. سەباح ڕەنجدەر لەم دیدەوە دژە شیعر دەنووسێت.
ئەم دژە شیعرە دەمێکە لەناو ئەدەبییاتی کوردیدا دەنووسرێت، نەیاری لە یاوەر زۆرترە. ھەندێ جار تۆمەتی ئەوەی دەدرێتە پاڵ کە لە پاشۆڵی ڕێتۆریکی تەقلیدی نەھاتووەتە خوارێ، بۆ پەردەی گوێی کوردان قورس و بەدفەساڵە، ھەندێ جاریش گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە دیمەنی دڵڕفێنی خەیاڵیی ناکێشێت و دەمێکیش بە لاترازاو لە سیاقی گشتیدا دەخوێندرێتەوە.
ئەم تۆمەتانە ھەند ڕاستن، ئەگەر نووسین وەکو تەقلیدێکی قوتابخانەیی سەیر بکرێت، نەک وەک ئافرێندراوێکی تاک، بۆیە دەبینین، ئەگەر لای شاعیر ئاماژەیەکیش بۆ جەستەی ژن کرابێت، ئەوە تەنیا ھەر بەم جۆرە بە ژێر قەڵەمی شاعیردا تێپەڕیوە:
ئاو چاوی کوێر نەبوایە
بە لەشی نەرمی کیژان وشک نەدەبووەوە
یان ئەگەر بێتو ئاماژەیەک بۆ شەڕی ناوخۆ و شەڕی براکوژییەکانی دوای ڕاپەڕینیش کرابێت، ئەوە شتێکمان پێ دەڵێت، کە ڕەنگە تەنیا ئەو کەسانە ھەستی پێ بکەن کە لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکە بوونە. بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاماژە بۆ دوو لەقلەقەکەی سەر منارەی مزگەوتی خانەقا دەکات. ئەو دوو تەیرە وەکو لە ئەبەدییەتەوە ھاتبێتن و لەسەر ئەو منارەیە نیشتبێتنەوە. لە تەیرێتی خۆیان کەوتبێتن و بووبێتنە ڕۆحی زیندووی شارەکە، بەڵام مەخابن ئەم ڕۆحە بە دەستی (نیشتیمانییەک) وەکو نارنجۆک ھەپروون بە ھەپروون دەبێت. شاعیر بە تەوسێکەوە باسی لێوە دەکات. ھەولێری دێرین دەبێتە باڵندەی دێرین. کێ کۆنترە: پیرە حاجی لەقلەق، یان شاری ھەولێر؟ بێگومان لە کوشتنی باڵندەدا پەیامێکمان پێ وتراوە: (کوشتنی شار و ئینسان و شارستانییەتە). ئینسان بە تاقی تەنیا بە ھیچ جۆرێک ئیمکانییەتی ژیانی نییە لەسەر ئەم خاکە بریندارە:
نیشتیمانییەک باڵندەی دێرینی ھەولێری کوشت
ھەروەھا دەبێت ئاماژە بۆ خاڵێکی دیکە لە شیعری ئەم شاعیرەدا بکرێت، ئەویش زمانی سیحرە. شیعر و سیحر دوو دەستەخوشکن، بەڵکو دوو جمکانەن. ئەوەی بە کردار ناکرێت، بە خەیاڵ ئەنجام دەدرێت. ئەم دوو جمکانەیە پێکەوە سەریان ھەڵداوە و پێکەوەش ھەڵدەکەن. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە سەرھەڵدانی زمان لە پێناو سیحرکردن بووە. سیحرکردن لە گەردوون، لە شتە بینراوە و نەبینراوەکان. واتە: ئاشتکردنەوەی دنیا لە ڕێگای زمانەوە، ھەڵبەتە شیعر نزیکترین زمانی ئاشتکردنەوەیە. شیعر شەڕێکە لە پێناو ئاشتکردنەوەدا.
سەباح ڕەنجدەر شاعیری سرکە، ئەو وەکو ئەکرۆپاتانە گەمە بە وشەکانی دەکات، لەپێناو سڕینەوەی ئەو ناوەندە، شاعیر گەمەیان پێدەکات کە واقیع لە زمان جودا دەکاتەوە، ھەوڵدانێکە بۆ ڕووخاندنی ئەو پردانەی کە ئینسان لە زمان جودا دەکەنەوە. گەڕانەوە بۆ زمانی منداڵیی، بۆ ئەوەی منداڵ و زمان ببنەوە بە یەک جەستە. ئیتر شتێک نییە بە ناوی فیکرەوە و شتێکی دیکەش بە ناوی زمانەوە، بەڵکو جەستە دەبێتە زمان و زمانیش وەکو جەستە ھەڵسوکەوت دەکات. ھەروەکو لە سەرەوەش ئاماژەمان پێی کرد، شیعر لای شاعیر لەسەر لۆژیک بەند نییە، بەڵکو دژە لۆژیکیش ئیش دەکات، لێرەوە وڕێنەکردن پانتایییەکی مەزن لە دەقی ئەم شاعیرە داگیر دەکات. وڕێنەی نەخۆشێک نا، بەڵکو چەماندنەوەی زمان بۆ ئاستێکی دی، زمان ئەو ئاسنە گەرمبووەیە، کە شاعیر بە کەیفی خۆی دەیچەمێنێتەوە، پاشانیش کە سارد دەبێتەوە، شیکلی سەیر و سەمەرەیان وەرگرتووە. ھەڵدانی ماسی بۆ حەوزی شووشە، بە ھەڵدانی وشەیەک ناکات بۆ ناو ڕستە:
ماسی ھەڵدەدەمە ناو حەوزی شووشە
ھەندێ جاریش بەرانبەر بە وێنەی سوریالیئاسا خوێنەر تووشی حەپەسان دەبێت، چونکە ئەم ئەکرۆپاتکردنەوە دەگەیەنێتە ئاستێک، کە ڕەنگە دوا سنووری خەیاڵ بێت. خوێنەری کەمخەیاڵ تەواو بێزار دەکات:
دەمی بە قاقبەقاقی ئاسوودەیی گەرم کرد
یان
پێغەمبەران لە شەرمی ڕووناکیدا مردن
شاعیر دەستەواژە ئاینییەکان، ئاماژەکردن بۆ پیاوچاکان و پێغەمبەران و ئەدەواتی بواری پیرۆز بەکاردەھێنێت، لەپێناو ھەڵگەڕانەوە، یان لەپێناو ئاراستەیەکی دیکە بەکاریان دەھێنێتەوە، یان ئەوەتا زمان دەبەستێتەوە بۆ زەمانێکی دێرین، زەمانێکی بەسەرچوو و لە ژێر لێوەوە بە خوێنەر بڵێت ئەم دەقانە ڕەگوڕیشەیان ھەیە. لەم ھاوکێشەیەدا، ئینسان وەکو یەکەم کائین و یەکەم بوونەوەر و یەکەم بەرجەستە دێتە پێشەوە. ئینسان کائینێک نییە لە گۆڕانکارییە سروشتییە دێرینەکانەوە ھاتبێتە کایەوە، بەڵکو سەرەتا ئەو دروست دەبێت، ئینجا ڕەگەزە بێ ئەژمارەکانی سروشت دروست دەبن. ئەم دیدە ئاماژە بۆ تێرمی (ئیومانیسم) دەکات و لە ھەمان کاتیشدا ڕەگەزێکی ئۆرگانیکی دەقی سەباح ڕەنجدەرە:
ئاسمان لە دەمودووی ھەور
پێش ئەوەی ببێتە
باران یان بەفر
تەرزە یان شەختە
ئێمەی دروست کرد
زۆر ڕەگەزی دیکە ھەن دەکرێت ھەڵوێستەیان لەسەر بکرێن و بھێنرێنە زمان. خوێنەر دەتوانێت لە تێرمی (گەرم) بڕوانێت و لە سیاقە جیاوازەکانی وردبێتەوە. چۆن ئەم موفرەدەیە تێکھەڵکێشی وێنەی شیعریی دەبێت و ڕەگوڕیشەکانی لە قووڵایی چ خاکێکدا، تەڕیی و گەرمایی دەقۆزنەوە. خوێنەر، یان توێژەر دەتوانێت لەسەر چەند ڕەگەزی دیکە بگیرسێتەوە و زیاتر پەی بە دنیای شیعریی شاعیر بەرێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو جیا دەنووسێت و باجی ئەم جیانووسینەش دیارە.