واشنتن: خۆشحاڵین بە لێکتێگەیشتنی هێزە کوردییەکانی سوریا و پشتیوانیان دەکەین

  2020-06-17  | 
رۆژئاوای کوردستان
لۆگۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق رایگەیاند، خۆشحاڵن بە لێکتێگەیشتنی هێزە کوردییەکانی سوریا و پشتیوانیان لێدەکەن، هیواخوازیشن ئەو هەنگاوە هەماهەنگی کرداری زیاتری لەگەڵدا بێت کە ببێتەهۆی خزمەتکردنی زیاتری کورد و گەلانی سوریا بەگشتی.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگای حەسەکە هەردوو ئەنجومەنی پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد (ئەنەکەسە) لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر روانگەیەکی سیاسی هاوبەش رێککەوتن و بڕیاریانداوە  لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر لەسەرجەم بوارەکانی دیکەشدا ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا خۆشحاڵە بە دروستبونی یەکەمین لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە کوردییەکاندا کە بتوانێت ببێتەهۆی خزمەتکردنی زیاتری کورد و گەلانی سوریا بەگشتی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەردو لایەنی رێککەوتنەکە لە پێناوی گەلانی سوریا لە چەند ساڵی رابردودا قوربانیانداوە، بەتایبەت ئەوانەی لە پێناوی پاراستنی جیهان لە دەستی داعش جەنگان و لەو پێناوەدا گیانی خۆیان کردە قوربانی.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو رێککەوتنە گرنگە بە ئاڕاستەی زیادکردنی هەماهەنگی سیاسی لە نێوان هێزە کوردییەکان لە سوریا بە پشتیوانی ئەمریکا و یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق راشیگەیاندووە، رێککەوتنەکە گونجاوە لەگەڵ بڕیاری ژمارە 2254ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکخستنی سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە نەیاری رژێمی بەشار ئەسەدن.

ئەم راگەیەندراوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق دوای ئەوە دێت کە لە گەڕێکی دانوستانی نێوان ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد (ENKS )، لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر برەودان بە گفتوگۆکانی نێوانیان لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان وگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتایی.

دوای رێککەوتنەکەش ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا و پارتەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد (ENKS ) لەڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوانیان کە دوێنێ (سێشەممە، 16ى حوزەیرانی 2020) بەرێوەچوو، ئەرێنی بووە وتوانیویانە هەردوولا ڕێکبکەون لەسەر دیدێکی سیاسی هاوبەش لەسەر شێوازی ئیدارەدانی ئەو ناوچانەی کە کورد تێیدا باڵادەستە.  


ڕیکلام