لوبنان و هەرێمی کوردستان

  20/08/2020  |    640 جار خوێندراوەتەوە

لوبنان سێ هەزار ساڵ پێش زاین، فینقیەکان تێیدا ژیاون کە بە بازرگانی بەناوبانگ بون. دواتر کەوتە دەست ڕۆمەکان و بوو بە یەکێک لە ناوچە مەسیحیەکان. لە سەدەی چواری زاینیدا، قەشەیەک بە ناوی مارۆن لە نزیک حەلەب دەژیا و خەلکێکی زۆر دوای ڕێبازەکەی کەوتن، کە بوو بە مەزهەبێک لە کاسۆلیک و ئێستا سەر بە پاپای ڤاتیکانن. دواتر ئەم مەزهەبی مارۆنیەتە لە سوریاوە گوازرایەوە بۆ شاخەکانی لوبنان.

کە ئیسلام دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت، مارۆنیەکان لەسەر ئاینی خۆیان مانەوە. دواتر عوسمانیەکان دەستیان بەسەر (شام) دا گرت کە بریتی بوو لە سوریا و لوبنان هەتا جەنگی جیهانی یەکەم. دواتر شام چوە ژێر دەسەڵات و ئینتیدابی فەرەنساوە.

مەسیحیەکان لە شاخەکانی کەنار دەریای سپی ناوەڕاستدا دەژیان. بۆ ئەوەی مەسیحیەکان نەبنە کەمینە لە سوریا و توشی چەوساندنەوە نەبن، حکومەتی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٣ دەوڵەتێکیان لە سوریا بۆ جیاکردنەوە و ناویان لێنا کۆماری لوبنان، کە ڕوبەرەکەی نزیکەی تەنها ١٠ هەزار کیلۆمەتر دوجابوو. پێیان وابوو بەو شێوەیە دەتوانن مەسیحیەکانی ئەو ناوچانە بپارێزن بەتایبەتی کە لەسەر دەریا بون و فەرەنسا دەیتوانی بە ئاسانی فریایان بکەوێت.

ئەو کات دانیشتوانی لوبنان زۆرینەیان مەسیحی مارۆنی بوون، دواتر موسڵمانی سونە مەزهەب، ئینجا موسڵمانی شیعە مەزهەب ژمارەیان لە هەمویان کەمتر بوو. بەڵام لەبەر ئەوەی شیعەکان منداڵی زۆر و مەسیحیەکان منداڵی کەمیان دەخستەوە؛ ئێستا ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بۆتەوە، شیعە بون بە زۆرینە، سونە دوهەم پێکهاتەن، و مەسیحیەکان بون بە سێهەم پێکهاتە.

دروزەکانیش چوارەم پێکهاتەن و هەر جارەی لەگەڵ یەکێک لە پێکهاتە سەرەکیەکاندا ڕێکدەکەون بۆ پاراستنی کیان و بەرژەوەندی خۆیان. بەڵام بۆ ئەوەی هاوکێشە سیاسیەکان تێکنەچێت کە چەندین ساڵە لەسەری ڕێککەوتون، کە سەرۆک کۆمار بۆ مەسیحی و سەرۆک وەزیران بۆ سونە و سەرۆک پەرلەمان بۆ شیعەیە، لە ساڵی ١٩٣٢ ەوە سەرژمێریان نەکردوە. واتە لە پێش دروستبونی لوبنانەوە یەک سەرژمێری کراوە لە شاخەکانی لوبناندا و ئیتر دوبارە نەکراوەتەوە.

پێش جەنگی ناوخۆیی (١٩٧٥-١٩٩٠)، لوبنان جگە لەوەی بەناوبانگ بوو بە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و بازرگانی، سەنتەری بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەو ڕۆڵەی دەبینی کە ئێستا ئیمارات دەیبینێت. جوانی سروشت و بەهێزی ئابوری و زۆری بانکەکانی نازناوی سویسرای ڕۆژهەڵاتیان دابوو بە لوبنان.

بەڵام ئێستا کێشەی گەورەی لوبنان ئەوەیە کە کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسی دروستبون کە بون بە بارگرانی بەسەر کایەی سیاسی و ئابوری لوبنانەوە.

ئەم بنەماڵە سیاسیانە لە ڕواڵەتدا جیاوازن و نمایندەی پێکهاتەی جیاوازی وەک مەسیحی و سونە و شیعە و دروز دەکەن. هەر یەکەیان لە کاتی جیاوازدا لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا بون. بەڵام لە ناوەڕۆکدا خاڵی هاوبەشیان زۆرە.

زۆربەیان دەستیان بەسەر کایەی سیاسیدا گرتوە و هەر جارەی بەپێی رێژەی ئەو کورسیانەی لە پەرلەماندا دەیهێنن، ژمارەیەک وەزارەت وەردەگرن، بەڵام وەرگرتنی وەزارەتەکان لە لوبناندا تەرجومە نەبوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و دەستکەوتی مادی و تەندەری زەبەلاح بۆ حیزب و بنەماڵە سیاسیەکان.

بە تێپەڕبونی کات حیزب و بنەماڵە سیاسیەکان بون بە ملیاردێری گەورە و لە بەرامبەردا زۆرینەی لوبنانیەکان بێکارن و لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن. زۆرینەی لوبنانیەکان متمانەیان بە حکومەت و حزب و بنەماڵە سیاسیەکان نەماوە و تەنانەت دوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، هێشتا خۆپیشاندانەکان بەردەوامن چونکە دەزانن هەر حکومەتێک بێتە سەر کار لەوەی پێشو باشتر نابێت. دەیانەوێت کۆی پرۆسەی سیاسی و حزب و بنەماڵە سیاسیەکان بگۆڕن.

لە هەرێمی کوردستاندا هەمان سیناریۆ لەئارادایە. دوای چەندین ساڵ شۆڕش و قوربانی، چەند بنەماڵەیەکی سیاسی دەستڕۆشتو دروستبون کە جارێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و جارێک بە ناوی دەسەڵاتەوە دێنەوە سەر شانۆی سیاسەت و خاوەنی پارەی زۆر و ماکینەی میدیایی زەبەلاحن، هەندێکیان بە ناوی چاکسازی و هەندێکیان بە ناوی کوردایەتیەوە دەنگ کۆدەکەنەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا زۆر لەیەک دەچن.

هەر یەک لەو بنەماڵە سیاسیانە دەیانەوێت بەپێی ڕێژەی کورسیەکانیان وەزارەت وەربگرن کە تەرجومە نەبوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان، بەڵکو بۆتە هۆی دەوڵەمەندبونی چەند حزب و بنەماڵەیەکی سیاسی و لە بەرامبەردا بۆتە هۆی هەژاربون و بێکاربونی زۆرینەی هاوڵاتیان.

هەر یەک لەم حزب و بنەماڵە سیاسیانە چەند کۆمپانیا و سەرمایەدارێک کاریان بۆ دەکەن و ئیحتیکاری بازاڕیان کردوە و ناهێڵن بەدەر لە بازنەی تەسکی خۆیان، خەلک بە ئاسانی کەسابەتی خۆی بکات.

سەرباری ئەو خاڵە هاوبەشانە، هەندێک جیاوازی هەیە لە نێوان لوبنان و هەرێمی کوردستاندا. یەکێک لە جیاوازیەکان ئەوەیە کە لە لوبنان لانی کەم بنەماڵەی حەریری هەن کە چەند ملیار دۆلارێکیان لە سعودیەوە هێنایەوە بۆ بنیاتنانەوەی بەیروت دوای شەڕی ناوخۆ. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بنەماڵە سیاسیەکان بە ملیارەها دۆلاری دزراوی کوردستان دەبەنە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا ژێرخانی ئابوری وێرانە و حکومەت موچەی پێنادرێت. واتە وەک دەستیان بەسەر داهاتی سەرزەوی و ژێرزەویدا گرتوە، لە ناو وڵاتەکەدا وەبەرهێنانی پێوە ناکەن.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەمە تا کەی بەردەوام دەبێت؟! ئایا لە ئایندەدا هاوشێوەی لوبنان، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دەستناکەن بە جوڵەی کاریگەر بۆ سنوردارکردنی دەسەڵات و نفوزی بنەماڵە سیاسیەکان؟!
زیاتر