یەک شەممەی چارەنووسساز بۆ ئێران، 20 ی ئەیلول لە نێوان تاران و واشنتن چی ڕوو دەدات؟

  18/09/2020  |    2443 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕاشکاوانە هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە بە پێی خاڵێکی ڕێکەوتنی ناوەکی، سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران لە ڕۆژی 20 ی ئەیلولەوە دەگەڕێتەوە، ئێرانیش ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بە نایاسایی ناو دەبات و دەڵێت بە کشانەوەی واشنتن لەم ڕێکەوتنە cیچ مافێکی بۆ باسکردن لە گەڕانەوەی گەمارۆکان نییە .

ئەمریکییەکان دەڵێن کە میکانیزمی گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئێران چالاک بووەتەوە و کۆبوونەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕێکەوتنی ناوەکی یان درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی ئێران لە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان نەکراوە و بەم بۆنەوە گەڕانەوەی گەمارۆکان بابەتێکی یاسایی دەبێت .

ئێران لە بەرامبەر ئەمەدا دەڵێت کە ئەندامانی ڕێکەوتنی ناوەکی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێچەوانەی ئەمریکییەکان بیر دەکەنەوە و هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بە نایاسایی ناو دەبەن .

ئەمەش بووەتە قەیرانێکی گەورەی نێودەوڵەتی لە ڕووی یاساییەوە. ڕەنگە ئەوەی ئەمریکا دەیڵێت بە پێچەوانەی ئەو ڕێکەوتنە بێت کە ئێستا ئێران پشتی پێ دەبەستێت یان لە گەڵ یاساکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایش یەک نەگرێتەوە، بەڵام کۆشکی سپی بۆ دژایەتیکردنی ئێران لەم قۆناغەدا کەڵک لە ئامرازەکانی هێز و دەستڕۆیشتوویی خۆی وەردەگرێت و بە کردەوەش ئەوەی دەیوێت جێبەجێی دەکات .

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە ڕۆژی 20 ی ئەیلول میکانیزمی گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران بە فەرمی چالاک دەکرێتەوە.

هەرچەندە 13 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەرۆکی ئەم ئەنجومەنە و هەروەها وڵاتانی ئەندام لە ڕێکەوتنی ناوەکی دژی ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستیان گرتووە و لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە ڕوبەڕوی پرسیاریان کردووەتەوە بەڵام واشنتن ئەوەی نەشاردووەتەوە کە لە دژی ئێران زمانی زۆر و هەڕەشە بەکار دێنێت و ڕایگەیاندووە کە هەر وڵاتێک چەک بە ئێران بفرۆشێت یان بازرگانی لە گەڵ ئەم وڵاتەدا بکات لە لایەن ئەمریکاوە سزا دەدرێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دەبێت کە ئەمریکا ئامراز و هێزی جێبەجێکردنی ئەو گوشارانەی لە دژی وڵاتانی دیکەش هەیە . هیچ وڵاتێکیش نییە بە هۆی ئێرانەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕوبەڕوی مەترسی بکاتەوە.

 ئەوان ڕەنگە لەم ماوەیەدا دژی سیاسەتی گەڕانەوەی گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە لێدوانیان دابێت بەڵام بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی ئەو گەمارۆیانەی سەر ئێران تەنیا چارەی بەردەم ئەوان پابەندبوونە، وەک چۆن کە وڵاتانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشور، هندستان و تەنانەت ڕووسیای هاوپەیمانی ئێران، گەمارۆ تاکلایانەکانی ئەمریکایان جێبەجێ کردووە .

لە ئێستادا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئێران یەک شەممە چ بڕیارێک دەدات و کاردانەوەی ئەم وڵاتە لە بەرامبەر گەڕانەوەی کۆی گشتی گەمارۆکان چی دەبێت؟ ئەگەر تاران هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ڕابگەێنێت و بە فەرمی لەم ڕێکەوتنە بکشێتەوە، وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ڕێکەوتنەکە دەچنە بەرەی ئەمریکا و بە فەرمی گەمارۆکانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 ئەو وڵاتانە تا کاتێک لە ڕووی یاساییەوە دژی بڕیارەکەی ئەمریکا دەبن کە ئێران وەک بەشێک لە ڕێکەوتنی ناوەکی بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر تاران لێی بکشێتەوە بە دڵنیاییەوە کە میکانیزمی گەڕانەوەی گەمارۆکان بە دڵی ئەمریکا چالاک دەکرێتەوە و هەموو شتێک بۆ پێش واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێتەوە .

پێشبینی ئەوە دەکرێت کە حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی بە پێچەوانەی باڵی توندڕۆی ئێران بڕیارێکی بەپەلەی بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی نەبێت و تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا درێژە بەم سیاسەتەی بدات، لە بەر ئەوەی کە دەزانێت پەلەکردن لە هەر بڕیارێک بە تایبەت لەم هەلومەرجە نێودەوڵەتییەی کە ئێرانی تێدایە، زیانی گەورەی بۆ ئەم وڵاتە بە دواوە دەبێت .

زیاتر