دەربارەی هاوكارییەكەی تاڵەبانيی بۆ بەهادین نوری
دۆكومێنتێك بڵاوبۆتەوە پیشانی دەدات كە لە ساڵی 1994دا مام جەلال موچەیەك بۆ مامم بەهادین نوری دەبڕێتەوە. ئەم دۆكومێنتەش وەك كەرەستەی لەكەداركردنی مێژووی خەباتی بەهادین نوری باس دەكرێت (كە نازانین بۆ چەند مانگ بووە! نازانم بۆ خۆی بووە یان حزبەكەی و ناشزانم وەریگرتووە یان نا بەڵام وایدادەنێم وەریگرتووە بۆ خۆی !).
بەهادین نوری وەك چۆن سەروەریی و شانازییەكانی لە بیرناكرێن، هەڵەكانیشی مێژوو بۆی تۆماردەكات. بەڵام چەند شتێك دەمێنێتەوە .
ئێمە لە وڵاتێكدا دەژین كە پسپۆڕیی بێ رێز و بێ پێگەیە و سودی لێ نابینرێت. نوسینی بایۆگرافیا (واتە رەوتی ژیانی كەسیی) شارەزایی دەوێت. كەم شارەزایی لەم بوارەدا یەكێكە لەو هۆكارانەی خوێندنەوەی هەڵەمان بۆ زۆر بابەت، لەوانەش سەركردە و رێبازەكانی سەركردایەتییكردن، بۆ دروست دەكات. لە سۆشیەل میدیادا ،ژمارەیەكی گەورە و كاریگەر لە خەڵك دەبینیت هەڵدەسێت ئەم بەرزدەكاتەوە و ئەو كەپس دەكات، ئینجا پاش دوو رۆژ دەتوانیت بە زانیارییەكی سادە مەزاجیان بگۆڕیت و پەشیمان ببنەوە لەو خۆشەویستییەی هەیان بووە بۆ ئەو سەركردەیە و دەستدەكەن بە جنێودان، یان تەریق دەبنەوە. واتە یان سەد لە سەد یان سفر لە سەد، پاشان سفر و سەدەكەش ناجێگیرە .
لە هەڵسەنگاندنی مێژووی سەركردەدا، بە بڕوای من دەبێت یەكێك لە پێوەرەكانی هەڵسەنگاندن جیاكاریی بێت لە نێوان تاوان و هەڵەدا. هیچ سەركردەیەك نییە هەڵەی نەبێت. لەسەر هەڵەكردن دەشێت نمرە لە ئەدای سەركردەكە بشكێنرێت. هەرچی وادەكات نمرەی زیاتر لە سەركردە بشكێنرێت بریتییە لە تاوان. هێندەی من ئاگاداری مێژووی خەباتی بم، بەهادین نوری تاوانی سیاسیی نییە .
پاشان دەبێت لە هەلومەرج (شوێنكات) بڕوانین. بۆ ئەم داواكارییە روویداوە؟
جارێ ئەوە سەربەرزییە بۆ بەهادین نوری كە پارەی چوار تفەنگی نەبووە و داوای لە تاڵەبانی كردووە لە كاتێكدا دەیان دەرفەتی هەبووە پلەی بەرز لە حكومەتی عێراقدا بۆ خۆی و كەسوكارەكەی وەربگرێت و هەرگیز نەیكرد. هەرچی موچەی مانگانەكەیە، كە نازانین بۆ چەند مانگە، بە چەندین شێوە دەخوێنرێتەوە، لەوانە :
یەكەمیان، بەهادین نوری لە تەمەنی 67 ساڵییدا داوای هاوكاری كردووە. لەو ساڵەدا ئەو پتر لە 45 ساڵە لە دنیای سیاسەتدا خەباتی كردووە و قوربانیی گەورەی داوە. پیاوێك دوای نزیكەی نیو سەدە تێكۆشانی سەختی نائاسیی و دەیان قوربانیی بە ژیانی هاوسەر و منداڵ و كەسوكاری، رەوا نییە موچەیەكی هەبێت؟
دووەم، لە 1994دا گرانیی بوو، شەڕی ناوخۆش بوو، بانكێك نەبووە پارەی لێ قەرز بكەیت، دەوڵەمەندێك نەبووە لە بەهادین نورییەوە نزیك بێت و هاوكاری بكات (بیشيكردایە ئینجا ئەمە دەبوو بە كێشە!)، حكومەت و دەزگا و یاسا نەبووە بەهایەك بۆ خەباتی شاخ لەسەر بنەمای گونجاو و بێ لایەنانە دابنێت، بزنسی نەزانیوە، خۆری روسیاش چەند ساڵێكە ئاوا بووە و ئیدی كاریزمای بەهادین نوری روو لە كزیی دەكات، ئەی ئەم پیاوە چی بكردایە؟ لە تەمەنی خانەنشینیدا بە چی بژیایە؟
سێیەم، ئایا ئەو موچەیە بۆتە هۆی بێدەنگكردنی بەهادین نوری؟ نەخێر، هەر لە 1994دا (واتە هەمان سال!) بەیاننامەیەكی لە دژی یەكێتیی بڵاوكردەوە و تیایدا نوسیبوی "لە غیابی تاڵەبانیدا، پێنج كۆمۆنیست دەكوژرێت"، تانەی لە هەڵوێستی یەكێتیی لەم روەوەدا. ئەوانیش موچەی حزبەكەیان بڕی. ئەمەش بەڵگەیەكی دیكەمە كە دەریدەخات نە بەهادین نوری بە جەلال تاڵەبانی كڕاوە نە تاڵەبانیش مەبەستێكی وەهای هەبووە. روونە كە رێزی یەكتریان لەلا بووە. ئایا ئەمە بۆتە هۆی چاوپۆشیی لە یەكتر؟ رەنگە، بەڵام بۆتە هۆی ئەوەی رەخنەی توند لە سیاسەتی یەكتر نەگرن؟ نەخێر، كتێبەكانی بەهادین نوری ببینن .
پێوەرێكی دیكە ئەوەیە كەسەكە كورتنەكەیتەوە بۆ كردەیەك، یەك رەفتار و یەك شوێنكاتی مێژوویی. بە زمانی ئامارناسیی، هەمیشە كە داتا و زانیارییەكت بەرگوێ دەكەوێت، لە خۆت بپرسە: ئایا هچ زانیارییەك جێ نەماوە(وون نييە)؟ گریمان ئەم ئیشەی بەهادین نوری هەڵەیە، ئایا دەكرێت لە مێژوویەكی دوورودرێژدا خاڵێك وەربگریت و شیكاری پێ بكەیت؟ زانیارییەك وەربگریت و بڕیاری پێ بدەیت؟ هەر شێوازێكی كاركردنی لەم چەشنە بە هەڵەتدا دەبات .
بەهادین نوری چۆكی بۆ دەسەڵاتی زۆر توندڕەوتر لە دەستەڵاتی كوردیی دانەداوە. خۆی تا پەتی سێدارە رۆشتووە و بە فشاری نێودەوڵەتی رزگاری بووە، باسی زیندانیكردن و لە سێدارەدانی هاوسەر و لە دایكبونی كوڕە گەورەكەی لە زیندان و مانەوەیان بۆ پێنج ساڵ ناكەم. زۆر قوربانی دیكەش كە زانراون و دوبارەیان ناكەمەوە .
بەڵام شوێنێك هەیە سەركردە دەبێت چۆك دابدات بەبێ گوێدانە باجەكەی، ئەو چۆكدادانەش گەورەی دەكات. مامم بۆ ئەوەی توشی شەڕی ناوخۆ نەبێت، ئەو بروسكانەی لە بەشێك لە سەركردایەتیی حزبەكەیەوە پێی دەگەیشت فەرامۆش كرد كە داوایان دەكرد لە یەكێتیی (بارەگای مەلا بەختیار) بدات لە شەڕی قڕناقە و پشتئاشاندا. خۆشبەختانە هیچیان فەرمانی سەرووی خۆیان جێبەجێ نەكرد. هێندەی ئاگادار بم، بەهادین نوری سزادرا. بەڵأم ئەوەش گەورەییەكی دیكەیە ژیانی خەڵك گرنگتر بێت لە كورسیی دەسەڵات .
چەنێك ئەو كەسە فكری سیاسیی خۆی ئەپدەیت كردۆتەوە؟ چەنێك شۆڤێنیی بووە؟ دەشێت پێوەری دیكە بن. لەمانەشدا فكری بەهادین نوری كراوە بووە و كرانەوەی گەورەی بە خۆوە بینیوە، باسی عەرەبیزانییەكەی و ستایڵە سەرنجڕاكێشەكەی لە گێڕانەوەی ئەدەب و نوسیني سياسييدا ناكەم .
دەگەم بەم دەرئەنجامە :
لە هەڵسەنگاندنی بەهادین نوری یان هەر سەركردەیەكی دیكە، دەبێت دادپەوەر بین، فرەلایەن بیانبینین. دەشبێت لە شانازیی و سەروەرییەكانیان كەم نەكەینەوە، وەك چۆن چاوپۆشیی لە هەڵەكانیان نەكەین. دواجاریش لە هەڵە و دەستكەوتەكانیانەوە كۆمەڵێك وانە بۆ گەنجانی ئێستا و نەوەی داهاتوو بنوسرێتەوە .