ئاسمانی کوردستان، لەم جەنگە نوێیەدا
17/06/2025
|
268 جار خوێندراوەتەوە
مرۆڤ لە ڕووی چەکەوە پێشکەوتووە، لەکاتی جەنگەکاندا ئیتر ئاسمان ئەو واتایەی نییە، پێشتر هەیبوو. ناتوانین بە نیگایەکی شاعیرانەوە تەماشای ئاسمان بکەین و جوانی ئەستێرەکانی و مانگەکەی بکەین بە ھێما. لەم جەنگە نوێیەدا، ئاسمان ڕووبەرێکە بۆ پیشاندانی توانا و هێزی شەڕکەرەکان.
شەڕێکی نوێ دەستی پێکردووە، دوو دەوڵەت دوور لە سنووری یەکەوە، شەڕی خاوەنداریەتی ڕۆژهەڵات دەکەن. هەردووکیان لە ڕێگەی ئاسمانەوە شەڕدەکەن. خاکی کوردستان لەو نێوانەدا، ئاسمانەکەی تاقە دەروازەیە بۆ هەردوو شەڕکەرەکە. ئەگەر لە مێژووی ڕابردوودا، لە سەردەمی هاخامەنشینەکانەوە، تا سەردەمی دەوڵەت نەتەوە. دەروازەی ڕانییە و دەروازەی جەلەولا، خاڵی لاوازی فارسەکان بووبێت بۆ چوونی لەشکرەکان بۆسەر خاکەکەیان، لە ئێستادا ئاسمانی کوردستان، کە هیچکەس ناتوانێت خاوەنداریەتی بکات، خاڵی لاوازی سیستەمە نوێیەکەی ئێرانە.
دوو هێزەکە شەڕی خاوەندارییەتی دەکەن. پڕۆژەی نوێی ئیسڕائیل گۆڕینی پایەکانە، پڕۆژەیەکە دەیەوێت ڕۆژهەڵات بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و سعوردییە و ئیتر هیچ جەمسەرێکی تر لە ئارادا نەبێت. ئێران وەک جەمسەرێک نوێنەرایەتی گوتار و هەژموونێک دەکات پێشتر خۆی تێدا هیلاککردووە، بۆیە بەرگری لەو هەژموونەی خۆی دەکات، کە لە سەردەمەی شا ئیسماعیلی سەفەوییەوە تاکو ئێستا هێشتا وزەی خۆی لەدەست نەداوە. هێشتا دیارنییە لەم شەڕەنوێیەی خاوەندارییەتی ڕۆژهەڵاتدا، پڕۆژە ئیسرائیلییەکە سەردەکەوێت، یان نا. بەڵام خۆرئاواییەکان و ئەمریکا لایەنگری پڕۆژە ئیسرائیلییەکەن. (خۆرئاواییەکان وردن.)
شەڕەکە چووەتە قۆناغێکی ڕژدەوە. لە دەستپێکدا ئیسڕائیلییەکان بەباشی ئامانجەکانی خۆیان پێکا. لەڕووی چەک و چاودێرییەوە لە ئێرانییەکان بەهێزترن. لە ڕووی کێشە ناخۆییەکانیشەوە بەهەمان شێوە لە ئێرانییەکان بەهێزترن. لە هەمانکاتدا لە ڕووی ئابووریی و ناڕەزایەتی ناوخۆییەوە، دۆخیان لە ئێران باشترە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت، چیرۆکی کۆتایی شەڕەکە لەبەرژەوەندی ئەواندا بێت، چونکە ئێران شارەزایە لە تێوەگلان. دەزانێت چۆن هێزی تر و دەوڵەتی تر تێوەگلێنێت و، هەمیشە بەو پڕۆژەی تێوەگلانە زۆرجار ئامانجی کۆتایی خۆی بەدەست ھێناوە.
لەسەردەمی شا ئیسماعیلەوە، بۆ قاجار و پەهلەوییەکان و پاشان بۆ سیستەمی ئاخوندی، ستراتیژی تێوەگلان، هەمیشە بووە بە هێز و وزە بۆ دەسەڵاتەکانی ئێران. ئەوە پەنجا ساڵە ئەو سیستەمە لەسەر ئەم گوتارە هێز و وزە بەخۆی داوەت،(مەرگ بۆ ئیسرائیل، مەرگ بۆ ئەمریکا.) هەرچەندە لەناوخۆدا ئەم گوتارە ئێستا ڕەخنەیەکی زۆر دەکرێت، بەڵام هێشتا سیستەمەکە ئامادە نییە بیگۆڕێت. دەیەوێت لەژێر هەژموونی ئەو گوتارەدا کار بۆ تێوەگلان بکات، بۆئەوەی لە ڕێگەی تێوەگلاوەکانەوە جارێکی تر توانا و هێز بەخۆی ببەخشێتەوە.
ئەوەی گرنگە لەم شەڕەدا، کورد و خاکەکەی و هاوڵاتییەکانیەتی. خۆ یەکلایی نەکردنەوە و یان بێدەنگی بەرامبەر بە شەڕێکی لەمجۆرە، بە مانای لاوازی نایەت، بەو مانایە دێت بیرۆکەی تێوەگلانی میرنشینەکان لەم قۆناغەدا نەبێتە چیرۆکێکی نوێی ناو شەڕەکە و تراژیدیا بۆ کورد بەهەرم بھێنێت. بێگومان کورد ناتوانێت ئاسمانەکەی بپارێزێت و بەرگری لە ڕوونەدانی شەڕی ئاسمانی ئەو دوو هێزە بکات، بەڵام دەتوانێت هوشیاری خۆبەدوورگرتنی هەبێت و سیاسییەکانی و هێزەکانی نەبنە بەشێک لەم شەڕە. (ئەوەی ئێستا بۆ حیزبە سیاسییەکانی کورد گرنگە، دانیشتنە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی تێوەنەگلانی کورد و بەرهەمهێنانی گوتارێکی ڕوون، کە کورد پێویستە چۆن تەماشای داهاتووی خۆی بکات؟)
کوردەکانی ڕۆژهەڵات لەم قۆناغەدا لەناو دۆخێکی سەختدا دەیگوزەرێنن، سەخت لە ڕووی ئابووریی و ژیانەوە، سەخت لە ڕووی ترسەوە. ڕوونیش نییە ئەم شەڕە ئاسمانییە بتوانێت سیستەمی دەسەڵاتی دوو شەڕەکەرەکە بگۆڕێت.(مەگەر لەناوخۆدا جوڵە ڕووبدات، یان کارەکتەری یەکەمی سیستەمەکە کۆتایی پێبێت و ئاڵوگۆڕێک بێتە ئاراوە.) لە هەموو دۆخێکدا بیرکردنەوە لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات و کۆی پرسی کورد لەم نێوانەدا، دەکرێت ئامانجی یەکەمی هەموو هێزێکی سیاسیی کوردیی بێت.
نازانرێت کۆتایی چیرۆکەکە چییە. ڕەنگە تاقە کەسێک دیمەنی داهاتووی ئەم چیرۆکەی لابێت و پێی وترابێت و هوشیارکرابێتەوە لەسەری، شا عەبدوڵای ئوردونە. ئەویش قسە ناکات، تابزانرێت لە کۆتاییدا چی ڕوودەدات. بەڵام وەک گریمانەیەکی سیاسیی تەنها شتێک بۆ کورد گرنگ بێت، ئەوەیە بۆ یەکجار لە شەڕەگەورەکانی ڕۆژهەڵاتدا تێوەنەگلێت و لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، ئامانج و بەرهەمی خۆی بەدەست بهێنێت.(کورد چۆن بیردەکاتەوە لە کۆتایی چیرۆکەکە؟ تەنھا تەماشای ئاسمانەکەی دەکات، کە بووە بە ڕووبەڕی شەڕی دوو هێز، یان بە هاوکاری دۆستەکانی و ژیریەتی خۆی، پڕۆژەیەکی هەیە بۆ داهاتووی خاک و گەلەکەی؟)
نەبەز گۆران
|