كورد لە كوێی هەنگاوەكانی كازمیدان

  15/07/2020  |    520 جار خوێندراوەتەوە

تەنها نزیكەی 2 مانگە كە حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەسەتبەكاربوە و متمانەی پەڕلەمانی عێراقی وەرگرتوە، و هێشتا نەبۆتە 3 مانگ،كە ئاشكرایە لای هەموان لەبارودۆخێكی زۆر بارگاوی و پڕ كێشمەكێشی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەندروستی و دارایدا كازمی ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت ،كازمی هاتە سەر سیستەمی حوكمڕانیەكی دزەكان (( كلیبتۆكراسی)) كە گەندەڵی و مشەخۆری تەواوی جومگەكانی ئەو حوكمڕانیەی گرتۆتەوە و بەشێوەیەك شۆڕبۆتەوە كە بنبڕكردنی كارێكی سەخت و دژوارە.

بەتایبەتیش بۆ كەسێكی وەك كازمی كە نەحیزبێكی سیاسی و نە كوتلەیەكی پەڕلەمانی گەورە و بەهێزی لە پشتە.كە زۆر كەس و لایەنی بەدەسەڵاتی شیعەكانیش نەیاندەوێرا خۆی لەقەرە بدەن،چونكە زۆرباش دەیانزانی كە هەر لەناو خۆیاندا ڕێگری و بەربەستی گەورەی بۆ دروستدەكەن و ڕێگەنادەن بەناو ئەجێندای ئەمریكا بسەپێنرێت و لەدەسەڵات و مەقاماتەكانیان بدرێت و بەرژەوەندی و دەسكەوتەكانیان لەگەندەڵیدا كەم و بنەبڕبكرێت.بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو كە هەموانیان بەشداری متمانەدان و مەراسیمی تەكلیفكردنەكەی بوون كە هێشتا كاندیدی پێشوو ((عەدنان زورفی))شیعەی خۆیان ماوەی یاسایی تەواو نەببوو.

دیاریكردن و پشتگیركردنی هەموان بەو كات و ساتە كەمە و بەو خێراییە لە كازمی بۆخۆی جێگەی دەیان گومان و پرسیار بوو.بەڵام تاكو ئێستا بەردەوامە، هەرچەندە لێرەو لەوێ‌ دەنگی نەشاز و ناڕەزایی دژی بەرزدەكرێتەوە،بەڵام گەر وەك گەواهیدەرێكی بێ‌ مەبەست و دوور لە بەغداد و بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندێكی كورت و خێرا بۆ كارەكانی كازمی بكرێت لەم ماوەی 2 مانگەدا،ناكرێت كە نكولی لە سەركەوتن و هەنگاوە بوێرەكانی بكرێت لەهەموو ڕوە سەربازی و ئەمنی و دارایی و كاگێڕی و حوكمڕانیەوە.

ئەو توانیویەتی دەستببات بۆ مەلەفە زۆر هەستیارەكانی گەندەڵی و دارایی و بانكی ناوەندی و بودجە و مووچە و نەوت و دەروازە سنوریەكان و گومرك و باج و ڕسومات و ڕووبەڕووبونەوەی نفوزی ئێران و لێدانی میلیشیا چەكدارەكان وكەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكان و...هتد. كە هەموو ئەم كارانە لەماوەی 17 ساڵی ڕابووردوودا هێڵی سوور بوون بۆ هەموو سەرۆك وەزیرە شیعیەكان، لەلایەن زۆرێك لەسەركرەدكان و حیزب و مەقاماتەكانەوە تەنانەت ئاینیەكان و دواتریش هەندێك لەوڵاتانی دەرودراوەسێی سونە و شیعە مەزهەبیشەوە.

بەڵام وەك دەوترێت گەر خۆت پەرێزت پاكبوو لەگەڵیشیدا خەمخۆر و دڵسۆزیت هەبوو وە لەبەرنامەشدا نەبوو كە بكەویتە پیلانی گەندەڵی و پاراستنی گەندەڵكارانەوە و خۆشت بەنیازی كەڵەكەكردن و دزی و ڕاوڕووتكردنی سەروەت و سامان نەبوویت، بێباكیت لەهەمووان و هیچ كەسیش وەك گەندەڵكاران و دزەكان ترسنۆك نین،ئەوان تەنها بوێریان لە بێهەڵوێستی و ترسنۆكی ئەوانی ترەوە وەرگرتوە.

بۆیە بەهەق ئەم هەنگاوانەی كازمی بۆ ڕێكخستنەوە و ڕێگەگرتن و بچوككردنەوە و نەمانی هەژموونی میلیشیاكان و وەك یەك سەیركردنی هەموان و سەپاندنی هەیبەت و شكۆی دەوڵەت بەسەر هەمواندا وایكردوە كە هیچ هێزێك بوێری ئەوە نەكات كە ڕووبەڕووی بوەستێتەوە،كازمی بەحوكمی ئەوەی كە خۆی پیاوێكی ئەمنی و پراكتیكی وپراگماتیكیە و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی هەڵمەتە سەربازیەكان و لێپرسینە و بەشداریكردن لەدانوسانەكاندا دەكات،ئومێدەكانی لای زۆرێك لە عێراقیەكان زیندووكردۆتەوە.

ڕاستە گەلێك هەنگاو وكاری گەورەتر ماون كە ئەنجامی بدات،بەڵام بۆخۆی ئەمە سەرەتایەكە بۆ ئایندەیەكی گەشتر و ڕۆشنتر و بۆئەوەی عێراقیەكان بەهەرێمی كوردستانیشەوە لەژیان و گوزرانێكی شیاوترو پڕ شكۆتردا تەمەن بگوزەرێنن نەك لە برسێتی و هەژاری و نەخوێندەواری و نەخۆشیدا بناڵێنن.گەر وەك عێراقیەك لەهەوڵ و هەنگاوەكانی كازمی بڕوانرێت دەبێت هەموان پشتگیری بكەن چونكە تاك و كۆمەڵگای عێراقی دوای 17 ساڵ لەگەندەڵی و وێرانەكردنی، پێویستی بە پیاوێكی بە ئیڕادە و خەمخۆری وەك كازمی هەیە، چونكە بۆ هەموان دەركەوت ژیان و گوزەران و پێشكەوتن و ڕەفاهیەت هیچ كات لەسایەی حوكمڕانی گەندەڵكاردا نایەتە دی، هەربۆیە ئەركی عێراقیەكانە كە پشتیوانی تەواوی كازمی و هەنگاوەكانی بكەن نا لە پێناو بە پاڵەوانكردنی كازمیدا بەڵكو لە پێناو خۆیان و ئایندەی نەوەكانیشیاندا.

چونكە عێراقێكی بێهێز و لاواز و شەكەت لەژێر باری لاری گەندەڵی و پەتا و نەخۆشی و بێكاری و هەژاری و پشكپشكێنەی حیزبایەتی و تایەفیدا دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان و تەنها و تەنهاش خاك و گەلانی عێراق زەرەرەمەندی یەكەم و كۆتا دەبن.بۆیە كوردیش گەرەكە هەمئاهەنگ و هاوكاری كازمی بێت و هەوڵبدات كە كێشە كەڵەكەبوەكانی 17 ساڵی ڕابووردووی لەسەر بنەمای دەستور و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵدا چارەسەر بكات و بەمەش هەم عێراق و هەمیش كوردستان دۆخێكی سیاسی و ئابوری و ئەمنی هێورتر و ئارامتر بەخۆوە دەبینن و هەردوولاش لە جیاتی سەرقاڵبونیان بە كێشە و گرفتەكانەوە سەرگەرمی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و وڵاتەكەمان دەبن.

زیاتر