لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "  ژینگەیەکی ئازادمان فەراهەمکردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان کردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن".
                                        
                                   
                                        
                                            
                                            
                                            
                                                
                                                
                                            
                                            دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی لەسەرجەم رۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەموو ئەو قەڵەمە ماندوونەناسانە دەکەین کە لە رابردوودا هەوڵی بەرەوپێشچوونی رەوتی رۆژنامەگەری و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیان داوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بە ئازادیی کاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، بەهەمووشێوەیەکیش دژی بەرتەسککردنەوەی سنوورەکانی ئازادی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەنووسان دەوەستێتەوە و بە هەڕەشەیەکی جدیی دەزانێت لەسەر دیموکراسی و وێنای هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کەبەداخەوە لەماوەی رابردوودا هەرێمەکەمان بەهۆی چەند حاڵەتێکی لەوشێوەیەوە رووبەڕووی رەخنەی توند  بووەوە.
لە رابردوودا بەهەمووشێوەیەک پاڵپشت و پشتیوانیی رۆژنامەنووسان بووین، ژینگەیەکی ئازادمان فەراهەمکردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان کردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن، بە رەخنەکان گەورە دەبین و بەخۆماندا دەچینەوە. لەداهاتووشدا بەھەمان رۆحییەتەوە بەردەوامدەبین و پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان