یەکێتی بۆ پارتی: ئەگەر خەمی ئازادیتانە ئەوا چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی ناو زیندانە تاریکەکانی هەولێر و بادینان ئازاد بکەن

  2024-09-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر روونکردنەوەیەکی بڵاکردەوە و رایگەیاند، " ئەگەر خەمی ئازادیتانە ئەوا چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی ناو زیندانە تاریکەکانی هەولێر و بادینان ئازاد بکەن".

دەقی روونکردنەوەی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

‏‎ دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کارەکانی ئەنجامداوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامبووە، بەوپێیەی بەڕێز مەلا بەختیاریش لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەکە رادەستناکرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەکێتیدا درێژە بە کارەکانی بدات، یەکێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە هەموو جۆرە گرژییەک، هەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی.

ئەم هەوڵەش نەک پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیکردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵکو پاڵپشتیی ئازادیی کاری رۆژنامەوانی و فراوانکردنی سنوورەکانی دیموکراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.

سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری کوردستانە و ناوەندی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی رۆشنبیرییە و ئەو شانازییەش بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێ کەھەمیشە لەو سەنگەرەدا بووە. ئەم هەوڵەی یەکێتیش درێژکراوەی هەوڵەکانی حزبەکەیە بۆ رێکخستنەوەی دەزگاکانی و باشتر خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکەکەی. هەموو دەنگۆیەکیش سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەکەینەوە.

‏‎بەداخەوە میدیای باڵێکی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە هەوڵی نەزۆکانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەکان و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان، بۆیە داوایان لێدەکەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی کاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاکوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریکەکانی هەولێر و بادینان ئازادبکەن. سلێمانی پێویستی بە فرمێسکی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵکو ئێوەن دەبێت وانەکانی ئازادی و دیموکراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.


ڕیکلام