قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەمووان لەم هەڵبژاردنەدا پشتی سەرۆکی یەکێتی بگرن

  2024-10-13  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لە دەڤەری ئیدارەی راپەڕین، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دوو کۆبوونەوەی جەماوەری لە ناحیەکانی چوارقوڕنە و حاجیاوا ئەنجامدا و لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند پێویستە هەمووان لەم هەڵبژاردنەدا پشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بگرین تا بتوانێت بە هێز و توانایەکی زیاترەوە کاربکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی کە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتە خۆسەپێنە لە هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی یەکێتی کرد لە ساڵانی رابردوودا و روونیکردەوە لە دوای نەخۆش کەوتن و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالەوە یەکێتی بەهۆی باڵباڵێن و کێشەی ناوخۆییەوە غەدری لە خۆی و لە جەماوەرە دڵسۆزەکەشی کرد و خەڵکێکی زۆری لە خۆی بێ هیوا کرد.

راشیگەیاند لە سێ ساڵی رابردوودا یەکێتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ بە تێگەیشتنێکی قوڵەوە خۆی رێکخستەوە و ئێستا ئەو یەکێتییەیە کە جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان داوایان دەکرد.

وتیشی هەر بەهۆی ئەم خۆڕێکخستنەوەیە و هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتییەوەیە کە بەشێکی گەورەی سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان هەر لە گەنجان و ژنانەوە تا دەگاتە پیاوانی ئایینی و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان لەگەڵ یەکێتی ئاشت بوونەتەوە و ئێستا هیوایەکی گەورە دروست بووە کە تەنها لەسەر دەستی ئەم یەکێتییەیە کە دەکرێت حکومڕانی راست بکرێتەوە و خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکرێت و کۆتایی بە خۆسەپێنی و جیاکاری لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بهێنرێت.