سەنتەری میترۆ: رێگریکردن لە ئەنجامدانی چالاکییەک هەڕەشەیە بۆ سەر پرەنسیپەكانی یاسای ئازادیی رادەربرین

  20   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە بەردەم دادگاى دهۆک گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکى ئەنجامبدرێت، بەڵام رێگرى لێکراوە.

بڕیاربوو كاتژمێر 11:00ـى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ لەلایەن کەسوکار و بەشێک لە چالاکوان و رۆژنامەنووسانى دهۆکەوە گردبوونەوەیەك بۆ ناڕەزایەتی لە بڕیاری دادگا و داواى ئازادبوونی (ئومێد بەرۆشكی) لە بەردەم دادگای دهۆك ئەنجام بدرێت، بەڵام لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە رێگری لە چالاکییەکە كرا.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى رۆژنامەنووسان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی رێگریكردن لەو چالاكییە دەكات و بە هەڕەشە بۆ سەر پرەنسیپەكانی یاسای ئازادیی رادەربرین و یاسای خۆپیشاندان ناویدەبات.

میترۆ داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە دووبارە بە كەیسی رۆژنامەنووسەكەدا بچنەوە و زەمینە بڕەخسێنن بۆ پرۆسەی دادگایكردنێكی دادپەروەرانە.

لە 30ى كانونی دووەمی 2025، ئومێد بەرۆشكی لەسەر كەیسێكی رۆژنامەنووسی بە شەش مانگ زیندانی سزادرا. هاوکات، پارێزەرانی ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەى بادینان تانەیان لە بریارەكەدا و پێیانوابوو كە كەیسەكەی بە سیاسی كراوە.