ماوەی 10 رۆژە مێرد منداڵێك لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە و  كەسوكارەكەشی داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان هەرچی زووە چارەنوسی كوڕەكەی دیاری بكەن. 
                                        
                                   
                                        
                                            
                                            
                                            
                                                
                                                
                                            
                                            بەهرە حەسەن، دایكی فریاد مەعروف، رایگەیاند كوڕەكەی پێش 10 رۆژ لە ماڵ دەچێَتە دەرەوە و بە گوێرەی كامێراكانی چاودێری لەگەڵ كەسێكی دیكەدا  مۆبایلەكەی لە دوكانێكدا دەفرۆشێت و دواتر ون دەبێت. 
دایكی فریاد دەشڵێت، سكاڵای تۆمار كردووە و تا ئێستا كوڕەكەی نەدۆزراوەتەوە و داواش دەكات هەركەسێك زانیاری هەیە پەیوەندیان پێ بكات و هێزە ئەمنیەكان چارەنوسی كوڕەكەی دیاری بكەن. 
ئاماژەی بەوەشكرد ئەو كوڕەی لەگەڵیدا مۆبایلەكەی فرۆشتووە، نایناسن و گومان دەكەن لە رێی یاری  ئەلكترۆنی (پەبجی) ناسیبێتی و هەر ئەو كەسەش بێت كە لەگەڵیدا رۆشتووە. 
بەهرە حەسەن وتیشی: كوڕەكەی لە ساڵی رابردووەوە وازی لە خوێندن هێناوە و زۆر حەزی بە كڕینی ماتۆڕ سكیل بووە، بەڵام ماڵەوەیان رەتیانكردووەتەوە كە بۆی بكڕن و هیچ كێشەیەكیشی لەگەڵ خێزانەكەیدا نەبووە.