دوای ئەوەی بڕیاریدا پەیوەندی سەرایا سەلامی بە رەوتەکەیەوە رەوتی نیشتمانی شیعە هەڵوەشێنێتەوەو، رادەستی دەوڵەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیان بکات، موقتەدا سەدر ئەمڕۆ ماوەی یەک هەفتە مۆڵەتی خستە بەردەم فەرماندەکانی ئەم هێزە تاوەکو رێکارەکانی جیابونەوەیان لە رەوتی نیشتمانی شیعە تەواو بکەن.
سەدر فەرمانیداوە لایەنە مەدەنییەکەی سەرایا سەلام بە هەمان شێوە لەم ماوەیەدا رێکارەکانی تێکەڵابوونی لەگەڵ البنیان المرێوێ تەواو بکات، کە دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری و خێرخوازی سەربە موقتەدا سەدر خۆیەتی.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقدا، سەدر پێشنیازی بۆ کرد ئەو لایەنانەی کە باڵی چەکدارییان هەیە، بێبەشیان بکات لە بەشداربوونی لە حکومەت، لەمە زیاتر سەدر داواشی کرد، هەموو گروپە چەکدارەکان هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە ھەنگاوەکەی بۆ رادەستکردنی سەرایا سەلام وەکو پابەندبوونی بەم داواکارییە تەماشا دەکرێت.
ئەم هەنگاوەی سەدر هاوتایە لەگەڵ فشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێران و رێگریکردن لە بەشداربوونی ئەم جۆرە گروپانە لە کابینەی حکومەتدا.