ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئێمە دژی رێککەوتنین، دەبێت لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانی دادگاین، حکومەتی ھەرێم ئیرادەیەکی راستەقینەی نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"
موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو رایگەیاند: چارەنوسی موچە بەستراوەتەوە بە ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمەوە، حکومەتی ھەرێم تا کێشەی ھەناردەی نەوت و لیستی موچەو تەوتین و رادەستکردنی داھاتەکانی چارەسەر نەکات بەغداد ئامادەنیە کێشەی موچە چارەسەر بکات، بەرپرسیارێتیەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی ھەرێم.
ئاماژەی بەوەشداوە: حکومەتی ھەرێم بەپێی یاسای بودجەو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبێت نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت، بەڵام حکومەتی ھەرێم بەردەوامە لە تاڵانکردنی نەوت، سودانی لەبەردەم ئیحراجیەکی گەورەدایە، لەکاتێکدا ھەرێم نەوت رادەست ناکات و داھاتی ناوخۆش وەک پێویست نادات.
دەشڵێت: حکومەتی ھەرێم زانیارییەکان ئاشکرا ناکات، ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە لەلایەن ھەرێمەوە بوونی نیە، حکومەتی ھەرێم ھیچ راستیەک بە خەڵک و ئێمە ناڵێت.
جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە: نابێت رێکبکەون دەبێت یاساو دەستور جێبەجێ بکەن، ئێمە دژی رێککەوتنین، دەبێت رێکبکەون لەسەر یاسا و بڕیارەکانی دادگا،ئێمە دژین لەگەڵ رێککەوتن ئێمە لەگەڵ یاسا و بڕیارەکانی دادگاین، کە مافی خەڵک جێگیرە.
لە کۆتایدا دەڵێت: ھەرێم لە ویژدانی خۆیدا لاواز بووە، ئەگەر بەغداد بێتە سەر ھەرێم رێژەیەکی زۆری خەڵک ئامادە نیە بەرگری بکات، بەبێ شەرمانە دەڵێن داھاتی نەوت بۆ حکومەت سفرە، ئامادەش نیت بیدەیتە بەغداد کە مانگانە ئامادە نیە رادەستی بەغدادی بکات.