کەشتییەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەریای سوور کرایە ئامانج

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەشتییەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەریای سوور و نزیک کەناراوەکانی یەمەن کرایە ئامانج.

میدیای ئیسرائیل و کەناڵی عەرەبیە بڵاویانکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی٤ی٢٠٢١، کەشتییەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەریای سوور و نزیک کەناراوەکانی یەمەن کراوەتە ئامانج.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستیان گەیشتووە، کەشتی "ساویز" بەهۆی تەقینەوەی چەند مینەوە کە پێوەی لکاوە، تووشی زیان بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەرکی کەشتی "ساویز" لە چەند ساڵی رابردوودا، چاودێریکردن و پارێزگاریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران بووە کە لە دەریای سوور تێپەڕیون.

ئەگەرچی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم هیچ لایەن و وڵاتێکی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان و لەوانەش کەناڵی حەدەس بڵاویکردووەتەوە، زیانێکی زۆر بەر کەشتییە ئێرانییەکە کەوتووە و پێدەچێت هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت.

هاوکات کەناڵی کان-ی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئامانج لەو هێرشە، گەیاندنی پەیامێکی هۆشدارئامێز بووە بە ئێران و ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشەکە بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە پەلاماردانی دوو کەشتی ئیسرائیلی ئەنجامدراوە کە دوو هەفتە پێش ئێستا لە دەریای عەرەب کرانە ئامانج.



ڕیکلام