زانیاری نوێ لەبارەی ئەو هاوڵاتییە کوردەی 11 ساڵە لە پاکستان زیندانییە

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی دەیەوێت لەڕێی تۆڕی هەواڵی ژیانەوە کەسوکاری کەسێک بدۆزێتەوە کە دەوترێت کوردە و ماوەی ١١ ساڵە لە شاری کەراچی پاکستان زیندانییە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، هاوڵاتییەکی کورد زیاتر لە ٢٠ ساڵە کوردستانی جێهێشتووە و زیاتر لە ١١ ساڵیشە لە شاری کەراچی وڵاتی پاکستان زیندانییە.

ئاشکراشیکرد، ئەو هاوڵاتییە رایگەیاندووە کە کوردە و خەڵکی سلێمانییە بەڵام زانیارییەکانی زۆر لە راست ناچن لەبەر ئەوەی ١١ ساڵ زیندانی بوون بەهۆی ئەوەی بە قاچاخ چووەتە پاکستان و لەو ماوەیەدا قسەی لەگەڵ کەس نەکردووە، بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەروونی لەسەر ئەو کەسە دروستکردووە، بۆیە چاوەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی باڵیۆزخانەی عێراق لە پاکستان دەکەن،  کە زانیاری زیاتریان لەوبارەیەوە بدات.

وتیشی، "باڵیۆزخانەی عێراق لە پاکستان کونسوڵێکیان ناردووە بۆ ئەوەی هەندێک زانیاری لەبارەی ئەو بەندکراوە وەربگرێت و ئەوانیش زانیارییەکان بگەیەنن بە دەستی ئێمە".

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی وێنەی ئەو زیندانییەی بۆ ژیان ئاشکراکرد و رایگەیاند، "خۆشحاڵ دەبین لەڕێی ئێوەوە بانگەشەی بۆ بکەین بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک ئەو هاوڵاتییە بناسێت یاخود ئەگەر بەڵگەیەکی هەبێت کە ئەو کەسە ئەندامی خێزانەکەیانە، بیهێنێت بۆ ئەوەی ئێمەش بەڵگەکان بنێرین بۆ باڵیۆزخانەی عێراق لە پاکستان و لەو رێگەوە بیگەڕێنینەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی هێنانەوەی ئەو کەسەی لە ئەستۆ گرتووە و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات.

ئاشکراشیکرد، تاوەکو ئێستا سێ خێزان لە شارەکانی سلێمانی و پیرمام پەیوەندییان پێوەکردوون و رایانگەیاندووە، ئەو کەسە لە کوڕی ئەوان دەچێت، بەڵام بەڵگەکان بەتەواوەتی باوەڕپێکراو نین، چونکە کەسێک ٢٠ ساڵ دیار نەمێنێ و ١١ ساڵ زیندانی بێت، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە و کاری دەوێت بدۆزرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ چاوەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنین لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە پاکستان بۆ ئەوەی زانیاری زیاتریان لێوەربگرن و راستەوخۆ لەگەڵ زیندانییەکە قسە بکەن.

سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی راشیگەیاند، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئەو کەسە بەهۆی سنوربەزاندن لە پاکستان زیندانی کراوە و لە ئێستادا تەنها دەمانەوێت بزانین کە ئەو هاوڵاتییە کوردە و دواتر گەڕاندنەوەی بۆ کوردستان ئاسان دەبێت".



ڕیکلام