لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی چوارقوڕنە شەش کەس خۆیان رادەستی پۆلیس کرد

  2021-04-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی رۆژی رابردووی ناحیەی چوارقوڕنە کە بەهۆیەوە کەسێک کوژرا، شەش کەس خۆیان رادەستی پۆلیس کرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەسەر ڕووداوەکەی دوێنێی ناحیەی چوارقوڕنە کە هاوڵاتیەک درایەبەر دەستڕێژی گولـلـە، کەمێک پێش ئێستا 6 کەس خۆیان ڕادەستی هێزەکانمان کرد".

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم ئەو کەسانە بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

کاتژمێر ٦:٣٥ خولەکی ئێوارەی دوێنێ هەینی ١٦ی٤ی٢٠٢١،  لەنزیک پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەربە قەزای رانیە، هاوڵاتییەک بەناوی (آ،م،ب) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧، لە ڕەگەزی نێر، پیشەی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایەبەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستدا.

دواتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لەسەر ڕووداوەکە دادوەری لێکۆڵینەوە ئاگادارکراوەتەوە و مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و فەرمانی دەستگیر کردن بۆ تەقەکەرەکان دەرچووە.



ڕیکلام