لە كێڵگەكانی كۆرمۆر بۆ ماوەی 12 كاتژمێر بەرهەمهێنانی غاز رادەگیرێت، كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمیش دەڵێت، بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەبێتەوە.
لە ئاگادارینامەیەکدا، كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم دەشڵێت: ڕاگرتنى بەرهەمهێنانى غاز بۆ زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتییە و كار بۆ ئەوە دەكەین لەو 12 كاتژمێرەدا كەمترین كاریگەریی لەسەر ماوەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان هەبێت.
دەقى ئاگادارینامەکە:
بۆ زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی
لە كێڵگەكانی كۆرمۆر بۆ ماوەی 12 كاتژمێر بەرهەمهێنانی غاز رادەگیرێت
هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە كە رێكەوتی 18/4/2021 لەكاتژمێر 4ی بەیانی یەوە تاوەكو كاتژمێر 4 ی ئێوارە كۆمپانیای داناغاز بەسەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەڵدەستێت بەئیشوكاری چاكسازیی لەكێڵگەی كۆرمۆر بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و خۆئامادەكردن بۆ وەرزی هاوین، لەو ماوەیەدا هەناردەكردنی بڕە غازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەهێنان رادەوەستێت و بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەبێتەوە، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا و بەهەماهەنگی لەگەڵ وێستگەكانی گۆڕین كار بۆ ئەوە دەكەن لەو 12 كاتژمێرەدا كەمترین كاریگەریی لەسەر ماوەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان هەبێت.
كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم
17/4/2021