کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی دەنگدەران بڵاودەکاتەوە

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنـەکانی عێراق ڕایگەیاند دوای کۆتایهاتنی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ناوی ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە مافی دەنگدانیان هەیە .

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنـەکانی عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، پاش بڵاوکردنەوەی ناوی دەنگدەران لایەنە سیاسیەکان و چاودێران دەتوانن تانەی خۆیان بدەن، ئەگەر ناوی مردوو یاخود هاوڵاتی ناعێراقی و یاخود ئەوانەی مەرجی دەنگدانیان نییە، لە لیستەکەدا بینی.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە چەند رۆژی ڕابردووشدا سەرۆک کۆمار مەرسومی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی دەرکرد.

هەروەها پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا ئەگەر لە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا پەرلەمان لە ٧ی ئۆکتۆبەر خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکەمجارە لە عێراق ئەنجامدەدرێت، ئەوەش لەدوای خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییەکان و دواتر پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموارکردەوە، بەجۆرێک عێراقی لە 18 بازنەوە کرد بە 83 بازنە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق لە 329 ئەندام پێکدێت ئەوەش دابەشکراوە بەسەر ناوچەکاندا و هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 44 کورسی بەردەکەوێت، هەروەها شاری کەرکوک 13 کورسی هەیە.


ڕیکلام