ئێران: هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە سزا دەدرێن

  2021-05-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوی ئێران رایگەیاند، زۆربەی ئەو راپۆرتانەی ئاماژە بە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی دەکەن، بۆ ئەوان شاراوە نین و هەڵسەنگاندن بۆ راستی و دروستییان دەکەن.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا بە ئاماژەپێدان بەو راپۆرتەی چەند رۆژ پێش ئێستادا لە ماڵپەڕی یاهونیوزی ئەمریکا دەرباری تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی لە دەزگای دادوەری ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و گوفتوگۆی دوولایەنەی سیاسیی و یاسایی و ئەمنیی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە، بەردەوامە.

وتیشی: " زۆربەی ئەو راپۆرتانەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە، بۆ ئێمە شاراوە نین و هەڵسەنگاندن بۆ راستی و دروستییان دەکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، کەسانێک کە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەستیان لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانیدا هەبووبێت و لە هەر وڵاتێک بن، بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی یاسا و سزا دەکرێنەوە و ئێران لەڕێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکات.

ئەم لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاش ئەوە دێت کە دوو رۆژ پێش ئێستا، ماڵپەڕی یاهونیوزی ئەمریکی راپۆرتێکی سەبارەت بە چۆنیەتی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە لەو رووداوەدا هێزەکانی دژە تیرۆری هەرێم هاوکاری هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا کردووە.

شەوی رابردووش نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، "بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک سەبارەت بە کوشتنی قاسمی سولەیمانی و تێوەگلانی دژە تیرۆری یەکێتی لەو پرسەدا بە هەواڵێکی چەواشەکاری دەبینم، هەروەک لە رابردووشدا چەندین جار شتی وا روویداوە".

وتیشی، ئەگەر ئەو جۆرە هەواڵ و راپۆرتانە راست بوونایە، تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیک لە شێوەکان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان یاخود حکومەتی هەرێمی ئاگادار دەکردەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران راشیگەیاند، "بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە چەواشەکارییانە بەشێکە لەو پلانەی کە دەیانەوێت ئاژاوە لە نێوان کورد و کورد یاخود یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئێراندا دروست بکەن، بەڵام من پێموایە کە ئاستی زانیاری ئێران زۆر لەوە بەرزترە و زۆر بەئاگاترە لەوەی کە باوەڕ بەو هەواڵە چەواشەکارییانە بکات".

بەرەبەیانی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، لە کاتی گەڕانەوەیان لە سوریا و لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا کوژران، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دەکەن.


ڕیکلام