سەرۆکی هەرێم لە توندوتیژیەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و کوژرانی خەڵکی مەدەنی نیگەرانە

  2021-05-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاندووە، نیگەرانن لە ئاڵۆزیەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و کوژرانی خەڵکی مەدەنی.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی تویتەری خۆی نیگەرانی بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەبڕیوە و رایگەیاندووە، "ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی مەدەنی و منداڵان و بە ئامانجگرتنی شوێنە پیرۆزەکان."

هاوکات، سەرۆکی هەرێم داوای دانبەخۆداگرتن و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە دەکات بۆ ئەم ئاڵۆزییەی ئێستا.

گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی، بە بڕیاری دادگا داوا کراوە چوار ماڵ لەو گەڕەکە چۆڵبکرێن و عەرەبەکانی قودسیش دەڵێن کە چۆڵی ناکەن.

بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٣٦ فەڵەستینیی و ٥ ئیسرائیلی بەهۆی گرژییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٠٠ کەسیش بریندارن.



ڕیکلام