وتەبێژی حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی رۆژی جیهانی پەرستاران دەکات و رایگەیاندووە، "ڕۆڵى پزیشکان و پەرەستاران و کارمەندانى تەندرووستى بەرز دەنرخێنین کە هەمیشە پێشمەرگەئاسا خزمەتیان بە نیشتمان و گەلەکەیان کردووە."
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا پیرۆزبایی رۆژی جیهانی پەرستاران دەکات و دەڵێت، "به بۆنهی ١٢ی ئایار، ڕۆژی جیهانی پهرستارانەوە، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەى وەزارەتی تەندورستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی هەرێمەکەمان دەکەین کە مرۆڤدۆستانە و ماندوونەناسانە خزمەتى هاوڵاتیان دەکەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕۆڵى پزیشکان و پەرەستاران و کارمەندانى تەندرووستى کە هەمیشە پێشمەرگەئاسا خزمەتیان بە نیشتمان و گەلەکەیان کردووە و ترسیان لە هیچ جۆرە مەترسییەکى گیانى نەبووە، بەرز دەنرخێنین."
دەشڵێت، "هەرگیز شەونخوونی و خزمەتە بەرزەکانیان لە کاتى قارەمانیەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان دژى تیرۆریستانى داعش و لە کاتى هاتنى پەتاى کۆڤید ـ ١٩ کە تا ئێستاش بەردەوامە، لەبیر ناکەین و سەرى ڕێز و سوپاسیان بۆ دادەنوێنین."
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەرستارانە و لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری تەندروستی هەرێمیش پەیامی پیرۆزبایی خۆی بۆ پەرستاران بڵاوکردەوە.