ناکۆکییەکانی ڕوسیا و ئەمریکا لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی لوتکەی بایدن و پۆتین

  2021-06-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا بەر لە کۆبووونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ڕوسیا لەم چەند ساڵەی دواییدا گەیشتووەتە نزمترین ئاست.

پوتین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (ئێن بی سی نیوز)ی ئەمریکا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمریکا لە نزمترین ئاستدایە، بەهۆی ئەو داتەپینەی ڕووبەڕووی پەیوەندییەکان بووەتەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا.

لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی ڕوسیا، ستایشی دۆناڵد ترەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کرد و ڕایگەیاند، کەسێکی جیاواز و داهێنەر بووە,

سەبارەت بە جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکاش ڕایگەیاند، باین سیاسەتمەدارێکی شارەزایە و بە تەواوی جیاوازە لە ترەمپ.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی جۆ بایدن پۆتینی بە بکوژ و شەرەگێز ناوبردووە، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، زۆری گوێ لەو تۆمەتانە بووە بەڵام هیچ دوو دڵ نییە لێی.

ئەو وتانەی سەرۆکی ڕوسیا لە کاتێکدایە، جۆ بایدن لەسەرەتای سەردانەکیە بۆ ئەوروپا کە ماوەی ٨ ڕۆژ دەخایەنێت ڕایگەیاند، نایانەوێت بکەونە ململانێوە لەگەڵ ڕوسیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت پەیوەندییەکی جێگیر لەگەڵ مۆسکۆ بنیات بنێن، بەڵام دەبێت ئەوەش ڕوون بێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەڵامی توندی دەبێت ئەگەر ڕوسیا بەشداری بکات لە هەر چالاکییەک کە زیانی بۆ وڵاتەکەی هەبێت.

هاوکات کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەل پوتین بایدن بابەتەکانی دەستدرێژییەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا و زیندانیکردنی کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوو وڵات تاوتوێ دەکات، بە تایبەت ئەوانەی کە بوونەتە مایە ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

سەبارەت بەو هێرسە ئەلکترۆنیانەی کە لەم دواییەدا کراونەتە سەر ئەمریکا و ڕوسیای پێ تۆمەتبار کراوە کە بە (پڕۆگرامی دیاری) ناسراون، ڤلادیمێر پۆتین ڕەتیکردەوە هیچ زانیارییەکانیەکی هەبێت لەسەر ئەو پرۆگرامە چەتەگەریانە و داوای لە بایدن کرد لەگەڵی ڕێکبکەوێت سەبارەت بە بۆشایی ئەلکترۆنی.

هەر لە دیدارەکەی لەگەڵ تۆڕی ئین بی سی نیوزی ئەمریکا پوتین ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکای رەتکردەوە، کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ڕوسیا لە ئامادەکاریدا بۆ دابینکردنی مانگێکی دەستکردی پێشکەوتوو بە ئێران، کە توانای هەیە چاودیری و شوێن پێی ئامانجە سەربازییەکان هەڵبگرێت لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە و لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، جۆ بایدن لە شاری (ژنێڤ) ی سویسرا لەگۆنگرەیەکی لوتکەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا کۆبێتەوە.

چاوەڕوانیش دەکرێت کۆنگرەی لوتکەی بایدن پوتین، کاریگەریی بەرچاوی هەبێت لەسەر خاوکردنەوەی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا، کە ماوەی چەند ساڵێکە بەرەو ئاڵۆزی چووە، بە تایبەت ئەو تۆمەتانەی کە واشنتۆن ئاراستەی مۆسکۆی کرد، سەبارەت هێرشی ئەلکترۆنی روسیا بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا.



ڕیکلام