تەرخانکردنی خەڵاتی مریشک و مانگا و شوقە بۆ هەر کەسێک ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت

  2021-06-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، تایلاند و ئیدۆنیسیا و هۆنگ کۆنگ خەڵاتی جیاجیای سەرنجڕاکێش و بێبەرامبەریان دیاریکردووە، کە پێکهاتووە لە مانگا و مۆڵەتی بە موچە و تەنانەت شوقەیەک کە نرخەکەی دەگاتە یەک ملیۆن دۆلار.

دوای دەرکەوتنی جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە ئەو خەڵاتانەیان دیاریکردووە، بۆ ئەوەی زیاتر خەڵک هانبدرێت ڤاکسینەکە وەربگرن، بە تایبەت دوای ئەوەی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسەکە بەرەو هەڵکشانە چۆوە.

لە هەرێمی چیانج مای  لە باکوری تایلاند، کە یەکێکە لەو ناوچانەی ئەو وڵاتە کە دانیشتوانەکەی بە شوانکارییەوە خەریکن، دەسەڵاتداران خەڵاتی بردنەوەی مانگایەکیان ئەنجامدا بۆ ئەو کەسانەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتوەو، ئەو کارەش ئەنجامێکی باشی هەبووە لەوەی خەڵکی زیاتر فاکسین وەربگرن.

ئەو پیاوەی مانگاکەی بردووەتەوە، تەمەنی ٦٥ساڵە و بەهای مانگاکە بە ٣٢٠ دۆلار خەمڵێنراوە، کە بڕە پارەیەکی ئەوەندە زۆرە بە باشترین خەڵات لەقەڵەم دراوە لای دانیشتوانی ناوچەکە.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، لە هەفتەی دووەمەی هەڵمەتی وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا، ٢٧ مانگایان دیاریکردووە وەک خەڵات کە بۆ ٢٧ کەس دەردەچێت، ئەو هەنگاوەش پاڵی نا بە ٥٠%ی دانشتوانی ناوچەکە روو بکەنە بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ ناونووسین، کە زۆربەیان لە کەسانی بە تەمەن بوون.

لە هەرێمی هۆنگ کۆنگی چینیش دەسەڵاتداران ترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی کەمی ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە، جارێکی تر ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو بەرزبوونەوە بچێتەوە.

بۆ هاندنی خەڵکیش تا ڤاکسینەکە وەربگرن، دەسەڵاتدارانی هۆنگ کۆنگ خەڵاتی گەشتی بە خۆرایی و وەرگرتنی شوقەیەک بە بەهای یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکیان تەرخانکردووە و ناوی  ئەو کەسانە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە دەخەنە پێشبڕکێوە بۆ ئەوەی بۆ یەکێک دەربچێت.

لە دورگەی جاوەی ئیندۆنزیاش لە پێناو هاندانی خەڵکی ناوچەکە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، دەسەڵاتداران خەڵاتی وەرگرتنی مریشکێکی زیندوویان دیاریکردووە، بۆ هەر کەسێک بە ڤاکسینەکە وەربگرێت بە تایبەت بۆ کەسانی بەتەمەن.

 



ڕیکلام