ئاگرکردنەوە لەدارستانەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ قەدەغەکرا

  2023-05-26  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی فریاگوزاری خێرای سلێمانی بڕیاریدا کە ئاگرکردنەوە بەهەموو شێوەیەک لەدارستانەکان و دەوروبەری قەدەغەیە.

بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی دارستانەکانی گۆیژە و ئەزمڕ و هەڕووتە و دەباشان لەهەر مەترسییەکی سوتان و ئاگرکەوتنەوە، لیژنەی فریاگوزاری خێرای سلێمانی لەکۆبونەوەی رۆژی ٩/٥/٢٠٢٣ بڕیاریدا کە ئاگرکردنەوە بەهەموو شێوەیەک لەدارستانەکان و دەوروبەری قەدەغەیە.

دەشڵێت، لەو ڕووانگەیەوە کە ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆرەوە گژوگیایەکی زۆر لەدارستانەکاندا گەشەیان کردووە و ئێستاش بەهۆی وشک بوونییەوە مەترسی ئاگرکەوتنەوەی تێدا زۆرە، بۆیە داوا لەهاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و گەشتیاران دەکەین لەکاتی سەردانی سنوری دارستانەکانی گۆیژە و ئەزمڕ و دەباشان و هەڕووتە بەهیچ شێوەیەک ئاگرنەکەنەوە، و هاوکاری و رێنمایی گەشتیارە عەرەب و بیانیەکان بکەن تا پابەندی ئەو بڕیارەبن، و هەموان هاوکار بین لەپاراستنی ژینگەی شارەکەماندا. 

داوادەکەن لەو کەسانەی کە جگەرەکێشن باش دڵنیابنەوە لە کوژانەوەی جگەرە و نێرگەلەکانیان تا نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە دارستانەکان و توشی کێشەی یاسایی نەبنەوە. 




ڕیکلام