چاوەڕواندەکرێت حکومەتی لوبنان دەستلەکاربکێشێتەوە

  2020-08-10  | 
حکومەتی لوبنان فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ دەستلەکارکێشانەوە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن، چاوەڕواندەکرێت، ئەمڕۆ حکومەتەکەی حەسان دیاب سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەستلەکاربکێشێتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی دەستیان لەکارکێشایەوە

میدیا عەرەبییەکیان بڵاویانکردەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ حکومەتی لوبنان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازدەکات و چاوەڕوانیش دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە لەوتەیەکی تەلەفزیۆنیدا دیاب بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت.

هەندێک لەسەرچاوە لوبنانییەکان باس لەوە دەکەن، چاوەڕوان ناکرێت کۆبوونەوەی حکومەت ڕێژەی یاسایی تەواو بکات، بۆیە دیاب چاوەڕوانی دانیشتنەکە ناکات و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت.

ئەو کۆبوونەوە و ڕاگەیاندنەی حکومەتی دیاب لە کاتێکدایە، لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا سێ وەزیر لە کابینەکەی حکومەتەکەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

کەوتنی حکومەتی ئیستای لوبنان پێویستی بە دەسیتلەکارکێشانەوەی ٧ وەزیری دیکە هەیە، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەمڕۆ هەریەکە لەوەزیرەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردە دەستلەکار بکێشنەوە.

بەیانی ئەمڕۆش وەزیری دادی ئەو وڵاتە دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە، ١٥٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٦ هەزار کەس بریندار بوون و دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتەش بەتەواوی بەرەو هەرەسی یەکجارەکی دەچێت.

لەدوای خۆپیشاندانەکانەوە، خۆپیشاندان شەقامی لوبنانی گرتووەتەوە و خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت دەکەن، چونکە بە بەرپرسیاری یەکەمی تەقینەوەکەی دەزانن.



ڕیکلام