لە راپەڕین چوار كیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا

  2020-09-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاسایشی راپەڕین دەستگیركردنی چوار كەسی راگەیاند كە چوار كیلۆ ماددەی هۆشبەریان لە جۆری كریستاڵ پێبووە و مەبەستیان بووە بیگەیەننە سنوری زاخۆ.

محەمەد فازڵ عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی راپەڕین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، توانیویانە كەسێك لە بازگەی (بانۆقەل) دەستگیر بكەن كە چوار كیلۆ ماددەی هۆشبەری پێبووە لە جۆری كریستاڵ و لە ناو تایەی سپێری ئۆتۆمبێلەكەیدا شاردویەتیەوە. 

ئەو روونیكردەوە دوای لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەو كەسەدا سێ كەسی دیكەش بەهۆی هەمان دۆسیەوە دەستگیركراون و بە گوێرەی ماددەی 14ی یاسای ماددەی هۆشبەر دراونەتە دادگا. 

بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی راپەڕین ئەوەشی راگەیاند، ئەو كەسەی دەستگیركراوە ئامانجی بووە ئەو ماددەیە بگەیەنێتە سنوری زاخۆ، بەڵام پێش ئەوە لەلایەن هێزەكانیانەوە دەستگیركراوە. 

ئەو داوای لە هاوڵاتیانیش كرد كە لە هەر شوێنێكدا گومانیان لە هەبوونی ئەو ماددانە كرد هێزەكانیان ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی رێگری بكەن لە مەترسیەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددەیە. 


ڕیکلام