بەرهەم ساڵح و قاسم ئەعرەجی و فوئاد حسین: پاراستنی باڵیۆزخانەکان ئەرکی عێراقە

  2020-09-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە دەربارەی پاراستنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان.

لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆبۆوەتەوە و گفتوگۆیان کردووە دەربارەی گرنگی پاراستنی نوێنەرایەتی وڵاتان لە عێراق.

لە دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لە وەدیهێنانی سەروەریی یاسا لەڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەشێوەیەک ئاسایش و ئارامی وڵاتی تیا پارێزراو بێت.

هەر لەبەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا جەختیانکردووەتەوە لە گرنگی پاراستنی نوێنەرایەتییە بیانییەکان، بەوپێیەی بەشێکە لە پابەندبوونەکانی عێراق، وەک لە پەیماننامە و رێوڕەسمە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، هەروەها باس لە چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کرداوە بۆ شوێنکەوتنی شانەکانی داعش و بوار نەدان بەوەی توندڕەوەکان هیچ هەلێک بقۆزنەوە، کە ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.

لەلایەکی ترەو هەر ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار پێشوازیکردن لە فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق، کە ماوەی دوو ڕۆژ بوو لە سەردانێکی ئێران بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح و فوئاد حسین جەختیانکردووەتەوە لە پاراستنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان و پاراستنی ئەمنیەتی کارمەندەکانیان.

هەر لەدیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی دوا پێشهاتە سیاسیەکان لەوڵاتدا.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، هەردوولا گفتوگۆیانکردووە دەربارەی دوا پێشهاتەکانی وڵات و جەختیکردنەوە لە بەهیزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا.

ئاماژە بەوەشکراوە، عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەوروبەرو هەرێمایەتی خۆی بەهێزتر بکات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵیاندا.

ئەو کۆبوونەوە و پێشهاتە لەکاتێکدایە، چەند لێپرسراوێکی عێراق و بیانی دوێنێ بە ئاژانسی "فرانس پرێس" یان راگەیاندبوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتێ .

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، واشنتۆن هۆشداری داوەتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان نەکەونە جوڵە لەدژی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەوا بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە، بۆ دڵنیایی ئەوەی ڕێگە نادەن ئەو دۆخە بەردەوام بێت.

دوێنێش هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەوەی پێویستە چەک تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و پارێزگاری لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکان بکرێت و بەرپەرچی هەر کارێکی دەرەوەی یاسا بدرێتەوە، کە ئاسایش و سەروەریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

لە کاتی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی ئەو وڵاتەدا،  سەرجەمیان جەختیانکردووەتەوە لەوەی، کەمترین تۆڵەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئێرانەوە، کارکردنە لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.



ڕیکلام