دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە هەیە لەبەغدا

  2020-09-28  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە وڵاتەکەی نابورێت لەو هەڕەشە و مەترسیانەی کە دژ بە پیاوان و ژنانی ئەمریکا دەکرێت و هیچ دوودڵیش نابن لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک بۆ بەرگری لە خۆیان.

وتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سورە لەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەبەغدا، ئەگەر بەغدا هەوڵ نەدات کۆنترۆڵی میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بکات، کە هێرش دەکەننە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی حوڕەی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو" بە هیچ شێوەیەک لێدوان نادەن لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماتییەکانی وەزیری دەرەوەی لەگەڵ سەرکردە بیانییەکان".

جەختیشیکردووەتەوە، پێشتر ڕوونیانکردووەتەوە، هەڵسوکەوتی میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئارامی عێراق، بۆیە جێگەی قبوڵکردن نییە ئەو گروپانە بە موشەک هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوەندە دیپلۆماتی و هێزەکانی ئەمریکا و ببنە هەڕەشە لەسەر سیستمی عێراق.

ئەو هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرجەم ئەو لێپرسراو و هێزە ئەمنییانە دەستبەسەر کراون، کە بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی گەرەکی حەی جیهادی بەغدا، کە ئەمڕۆ کاتیۆشایەکی لێوە ئاراستە کرا بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و بەر ماڵێک کەوت و بەهۆیەوە سێ کەسی خێزانێکی ماڵەکە کوژران و دوانی دیکەشیان بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، کازمی بەڵێنی داوە هەر هێز و بەرپرسێکی ئەمنی شکست بێنێت لە پاراستنی هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەستبەسەر دەکرێن.

 چەند لێپرسراوێکی عێراق و بیانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس" یان راگەیاندبوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتێ .

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، واشنتۆن هۆشداری داوەتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان نەکەونە جوڵە لەدژی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەوا بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە، بۆ دڵنیایی ئەوەی ڕێگە نادەن ئەو دۆخە بەردەوام بێت.

دوێنێش هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە، پێویستە چەک تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و پارێزگاری لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەکان بکرێت و بەرپەرچی هەر کارێکی دەرەوەی یاسا بدرێتەوە، کە ئاسایش و سەروەریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

لە ئێستاشدا هەڕەشەو لێدوانە توندەکانی ئەمریکا، ناکۆکی قوڵی خستووەتە نێوان ئەو گروپە چەکدارانەی کە بە نزیکی لە ئێرانەوە تۆمەتبار دەکرێن، چونکە هەندێکیان ترسیان هەیە بکەونە روبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمریکادا .

بەهێزترین بەڵگەش لێدوانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بوو، کە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازیی و پەرلەمانی کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە موشەکیانەی کە کراونە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئەو لێدوانە لەلایەن کازمی و چەند کەسایەتییەکی حکومییەوە پێشوازی گەرمی لیکرا، بەشێوەیەک تەنانەت حەشدی شەعبیش رەخنەی لەهێرشەکان  گرت و خۆی بێبەری کرد لەو هێرشانە .

لە نوێترین پێشهاتیشدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە دوو ڕۆژی داهاتوو زنجیرەیەک تاقیکردنەوە لەسەر  چەند ئامێرێکی ئاگادارکردنەوە دەکەن، تایبەت بە حاڵەت کتوپرەکان .

بۆ ئەو مەبەستەش هاوڵاتیان و دانیشتوانی دەوروبەری باڵیۆزخانەکە و ناوچەی سەوزی بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەوە داوای لێبوردن دەکات کە بۆ ماوەیەک بێزاریان بکات .



ڕیکلام