کۆبوونەوەکەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا پشتیوانی بۆ کازمی دەربڕیوە

  2020-09-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا کۆتایی هات، کە باڵیۆزانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی ئەو عەرەبی بەشداریان تێدا کردبوو، سەبارەت بە ئامانج گرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان لە بەغدا.

میدیا عێراقییەکان لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە ئاشکرایانکردووە، باڵیۆزی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و بیانی لە بارەگای باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا کۆبوونەتەوە و سەرجەمیان جەختیانکردووەتەوە لە پاراستنی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەکان لەو هێرشانەی کە ناوبەناو دەکرێتە سەریان.

بە گوتەی سەرچاوەکە ، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی باڵیۆزخانەکان و پێویستە دەستبەجێ ئەو هێرشە موشەکیانە ڕابگیرێت کە دەکرێتە سەریان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکراوەتەوە لە پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدا و نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوامی هەیە و وەک هێرشی نیمچە ڕۆژانەی لێهاتووە.

شەوی ڕابردووش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە وڵاتەکەی نابورێت لەو هەڕەشە و مەترسیانەی کە دژ بە پیاوان و ژنانی ئەمریکا دەکرێت و هیچ دوودڵیش نابن لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک بۆ بەرگری لە خۆیان.

ئەو هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرجەم ئەو لێپرسراو و هێزە ئەمنییانە دەستبەسەر کراون، کە بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی گەرەکی حەی جیهادی بەغدا، کە ئەمڕۆ کاتیۆشایەکی لێوە ئاراستە کرا بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و بەر ماڵێک کەوت و بەهۆیەوە سێ کەسی خێزانێکی ماڵەکە کوژران و دوانی دیکەشیان بریندار بوون.

چەند لێپرسراوێکی عێراق و بیانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس" یان راگەیاندبوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتێ .

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، واشنتۆن هۆشداری داوەتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان نەکەونە جوڵە لەدژی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەوا بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە، بۆ دڵنیایی ئەوەی ڕێگە نادەن ئەو دۆخە بەردەوام بێت.



ڕیکلام